Accessibility links

کومۆ: پێویستە سەرۆک ترامپ فەرمانێک دەربکات خەڵک ناچار بکات دەمامک بەکاربهێنن


فەرمانڕەوای ویلایەتی نیویۆرک ئاندرو کومۆ

فەرمانڕەوای ویلایەتی نیویۆرک ئاندرو کومۆ وتی پێویستە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ فەرمانێک دەربکات تیایدا خەڵک ناچار بکات لە شوێنە گشتیەکاندا دەمامک ببەستن، وتیشی پێویستە سەرۆک ترامپ خۆشی دەمامک ببەستێت تاوەکو خەڵک چاوی لێبکات.

کومۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " ویلایەتەکانی دیکە دەستیان بەوە کردووە، ئەو ویلایەتانەی کە دژی بوون و دەیانووت پێویستمان بە بەکارهێنانی دەمامک نیە چونکە سودی نیە، ئێستا تەواو هەڵوێستیان گۆڕیوە، پێویستە سەرۆک ترامپ هەمان هەستی هەبێت و فەرمانێک سەبارەت بەو بابەتە دەربکات."

لەلایەکی دیکەوە و لە هەواڵێكی جیادا سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی کایڵ ماکنانی وتی سەرۆک ترامپ پێی وایە بڕیاری بەکارهێنانی دەمامک بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیارێکی تایبەتیە و کەوتۆتەوە سەر کەسەکە خۆی بەکاری بهێنێت یاخود نا.

ماکنانی وتی " سەرۆک ترامپ هانی خەڵک دەدات باشترین بڕیار بدەن بۆ سەلامەتی خۆیان. پێی وتم هیچ کێشەیەکی لەگەڵ دەمامکدا نیە و هیچ کێشەیەکیشی نیە لەگەڵ ئەو فەرمانانەی کە دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی ویلایەتەکان دەریانکردووە بۆ بەکارهێنانی دەمامک."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG