Accessibility links

شاری وهانی چین پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ سەرجەم دانیشتوانەکەی ئەنجام دەدات


دوای زیاتر لە ساڵێک یەکەمین حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهانی چین تۆمارکرا، بەرپرسانی شارەکەش وتیان پشکنینی ڤایرۆسەکە بۆ سەرجەم دانیشتوانی شارەکە ئەنجام دەدەن.

لەگەڵ دەرکەوتنی حاڵەتە نوێیەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بەرپرسانی چین کۆمەڵێک ڕێوشوێنیان گرتەبەر، لەوانەش کوارەنتینکردنی ملیۆنان کەس و ڕاگرتنی هۆکارەکانی گواستنەوەی ناوخۆیی و دەستپێکردنی هەڵمەتێکی پشکنین بۆ ڤایرۆسەکە.

بەرپرسێکی باڵای شاری وهان لی تاو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی شاری وهان " بەزووترین کات پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ سەرجەم دانیشتوانەکەی ئەنجام دەدات."

بەرپرسانی چین وتیان ڕۆژی دووشەممە حەوت حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکەدا تۆمارکراون و حاڵەتەکانیش لەنێو کرێکارە بیانیەکاندا گواستراونەتەوە، ئەمەش دوای ساڵێک یەکەمین جارە حاڵەتەکانی توشبوون لە ناوخۆی شارەکەدا سەرهەڵبداتەوە.

ڕۆژی سێشەممەش 61 حاڵەتی دیکەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە، ئەوەش دوای ئەوەی کارمەندانی پاکەرەوەی فڕۆکەخانەی نانجینگ هۆکار بوون بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بە زیاتر بە 20 شاری وڵاتەکەدا.

شارە گەورەکانی چین بە پەکینیشەوە تاوەکو ئێستا پشکنینیان بۆ ملیۆنان کەس لە دانیشتوانی وڵاتەکە کردووە و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونیان داخستووە ئەو کەسانەشیان کوارەنتین کردووە کە بەرکەوتنیان لەگەڵ توشبوواندا هەبووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG