Accessibility links

کۆمپانیای فایزەر دەڵێت ڤاکسینەکەی بۆ کۆرۆنا 95% کاریگەری هەیە


کۆمپانیای فایزەر ڕایگەیاند ئەو ڤاکسینەی ئێستا تاقیکردنەوەی لەسەر دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری کۆڤید 19، لە قۆناغی سێـیەمی تاقیکردنەوەکانی دەرکەوتووە بە ڕێژەی 95% کاریگەری هەیە.

کۆمپانیاکە ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی ڕاپـۆرتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی سێـیەم کە بەسەر نزیکەی 44 هەزار کەس کراوە، ڤاکسینەکە بە شێوەیەکی گشتی بە ڕێژەی 95% کاریگەری هەبووە و بە تایبەتی بەسەر کەسانی سەروو تەمەنی 65 ساڵ بە ڕێژەی زیاتر لە 94% کاریگەربووە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ڤاکسینەکەیان بۆ کۆڤید 19 کە بە BNT162b2 ناودێرکراوە، لە پاش 28 ڕۆژ لە لێدانی دەرزی یەکەمی کاریگەری دەردەکەوێت.

دەشڵێت توانیویانە ئەو مەرجانەی پـێویستن لە ڤاکسینەکەدا هەبن بۆ سەلامەتی بەکارهێنانی، هاتوونەتە دی بەو شێویەی دەزگای حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا بۆ چاودێری خۆراک و دەرمان FDA و دەزگای ئەوروپایی EUA دەیانەوێت. باس لەوەش دەکات کە هیچ شتێکی مەترسیدار بەدی نەکراوە بەسەر ئەو کەسانە هاتبێت کە ڤاکسینەکەیان لێدراوە، تەنیا ئەوە نەبێت بۆ چەند ڕۆژێک لە پاش لێدانی ڤاکسینەکە لە هەموو هەزار کەسێکیان 38 کەسیان هەستی بە هیلاکی کردبوو و 20 کەسیان سەری ئێشاوە.

کۆمپانیای فایزەری ئەمەریکایی کە لەگەڵ کۆمپانیای بایۆنتێکی ئەڵمانی ڤاکسینەکە دروستدەکات، پـێشبینی دەکات هەتا کۆتایی ئەمساڵ بتوانن 50 ملیۆن دەرزی ڤاکسینەکە دروستبکەن و هەتا کۆتایی ساڵی 2021 یش 1.3 ملیار دەرزی لێدروستبکەن.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی دووشەممە، کۆمپانیای مۆدێرنا ڕایگەیاند ڤاکسینەکەی ئەوان بە ڕێژەی 94.5% کاریگەری هەیە.

XS
SM
MD
LG