Accessibility links

ڤاکسینەکەی کۆمپانیای مۆدێرنا پـێویستی بە ساردی 70 پـلەی ژێر سفر نیـیە


زانیاریـیەکانی لە بارەی ڤاکسینەکەی کۆمپانیای مۆدێرناوە دێن زۆر دڵخۆشکەرن و وەکو ڤاکسینەکەی کۆمپانیای فایزەر نیـیە کە پـێویستە لە پـلەی 70 ی سەدی ژێر سفرەوە هەڵبگیرێت هەتا دەگاتە سەنتەرەکانی دابەشکردن.

بەپـێی کاربەدەستانی کۆمپانیاکە ڤاکسینەکەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری کۆڤید19، تەنیا پـێویستە لە پـلەی 20 ی ژێر سفردا هەڵبگیرێت و پاشان دەکرێت لە بنکەکانی لێدانی ڤاکسینەکە لە پـلەی گەرمای 2 هەتا 8 ی سەدی هەڵبگیرێت و لە ماوەی 30 ڕۆژدا لە خەڵکی بدرێت. ڤاکسینەکەی فایزەر دەبێت لە پاش گەرمکردنەوەی لە ماوەی 5 ڕۆژدا بەکاربهێنرێت، ئەگەر نا خراپ دەبێت.

سەبارەت بە لێدانی ڤاکسینەکە، زاناکانی کۆمپانیاکە دەڵێن دوو دەرزیـیە و دەرزی دووەم دەبێت پاش 4 هەفتە لە لێدانی دەرزی یەکەم لێبدرێت.

تاقیکردنەوەکانیش دەریانخستووە لە هەموو سەد کەسێک لەوانەی ڤاکسینەکەیان لێدەدرێت 9 هەتا 10 کەسیان لە پاش وەرگرتنی دەرزی دووم بۆ چەند ڕۆژێک هەست بە هیلاکی دەکەن یان ماسولکەکانیان ئازاری دێت یان قوڕگیان سووردەبێتەوە.

کۆمپانیای مۆدێرنا کە نزیکەی 2.5 ملیار دۆلاری لە حکومەتی ئەمەریکا وەرگرتووە بۆ دروستکردنی ڤاکسینەکە، بەڵێنی داوە هەتا کۆتایی مانگی دوازدە 15 ملیۆن دەرزی ڤاکسینەکە بۆ ناو ئەمەریکا ئامادەبکات.

کۆمپانیاکە لە بەرنامەیدایە هەتا کۆتایی ئەمساڵ 20 ملیۆن دەرزی ڤاکسینەکە دروستبکات و لە ساڵی داهاتووش لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکەی هاوبەشی لە ئەمەریکا و سویسرا و ئیسپانیا لە نێوان 500 ملیۆن هەتا یەک ملیار دروستبکات.

کەنەدا و سویسرا و ژاپـۆن و ئیسرائیل و قەتەر گرێبەستی کڕینی ڤاکسینەکەیان لەگەڵ مۆدێرنادا واژوکردووە.

XS
SM
MD
LG