Accessibility links

سەرۆک ترامپ باس لە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی توانیویەتی کارێکی مەزن بکات کە سەرئەنجامەکەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری کۆڤید نۆزدەیە.

سەرۆک ترامپ پاش نیوەڕۆی هەینی لە کۆشکی سپی وتارێکی پـێشکەشکرد و گوتی ئەو کارەی بە 8 هەتا 10 ساڵ دەکرێت، بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی توانیویەتی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک بە ئەنجامی بگەیەنێت، ئەمەش مەبەستی ئەو ڤاکسینەیە کە کۆمپانیای فایزەری ئەمەریکایی و بایۆنتیکی ئەڵمانی ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند کە بە ڕێژەی 90% کاریگەری هەیە.

ترامپ گوتی پـێشبینی نەدەکرا ئەم ڤاکسینەی فایزەر هێندە سەرکەوتووبێت. گوتیشی لەلایەن ڕێبەرانی چەندین وڵاتەوە لەسەر بەرهەمهێنانی ئەم ڤاکسینە پـیرۆزبایی لێکراوە.

هەروەها گوتی لە ماوەیەکی کورتدا بە ملیۆنان دەرزی ڤاکسینەکە بەرهەم دەهێنرێن و سەرەتا لەو کارمەندانە دەدرێن کە لە هێڵی پـێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکەن و پاشان دەدرێت لە کەسانی بە تەمەن و ئەوانەی نەخۆشی درێژدەمیان هەیە. گوتیشی پـێیوایە لە مانگی چواردا بۆ خەڵکی بە گشتی لە ئەمەریکا دەسەتەبەردەبێت.

باسی لەوەش کرد بۆ هەموو ویلایەتەکانی دەنێرن، تەنیا بۆ ویلایەتی نیویۆرک نەبێت کە بە گوتەی خۆی فەرمانڕەوای ویلایەتەکە لەبەر هۆکاری سیاسی بڕوای بە ڤاکسینەکە نیـیە.

ئەندرۆ کۆمۆ، فەرمانڕەوای نیویۆرک لە وتووێژێکیدا لەگەڵ کەناڵی CNN قسەکانی سەرۆک ترامپی ڕەتکردەوە و گوتی ویلایەتەکەی و حەوت ویلایەتی دیکە گومانیان هەیە ڤاکسینەکە لەبەر هۆکاری سیاسی زوو پەسەند دەکرێت، بۆیە ئەم ویلایەتانە بۆخۆیان لیژنەی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی ڤاکسینەکە پـێکدەهێنن، ئەگەر هاتوو ئەو لیژنانە ڕەزامەندی بدەن بۆ بەکارهێنانی، ئەوا ئەو دەمە بە هاوڵاتیان دەڵێن سەلامەتە و لە خۆتانی بدەن.

ترامپ لە درێژەی وتارەکەی گوتیش جگە لە ڤاکسینەکە، توانیویانە ئامێری هەناسەدان بۆ هەموو ئەمەریکایـیەک دابین بکەن کە پـێویستی پێی بێت. هەروەها توانیویانە ئەو دەرمانانە دابین بکەن کە بۆ چارەسەرکردنی تووشبووان پـێویستن، لەوانە دەرمانی Remdesivir.

سەبارەت بەو پـێشنیارانەی دەکرێن بۆ داخستنی گشتی وڵاتەکە بە مەبەستی سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکە، ترامپ گوتی ئەو بە تەواوی لە نەخۆشیـیەکە تێگەیشتووە، بەڵام لەگەڵ داخستنی گشتیدا نیـیە، چونکە کێشەی لێدەکەوێتەوە، لەوانە خەڵکی تووشی خەمۆکی دەبن و خوو دەدەنە مەی خواردنەوە و لەگەڵ ئەوانەشدا دووچاری لەدەستدانی کارەکانیان دەبن.

جەختی کردەوە هەتا ئەو لەسەر دەسەڵات بێت بڕیاری داخستنی گشتی نادات. گوتیشی هێشتا کەس نازانێت کێ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو دەبێت و ساڵێکی دیکە لە کۆشکی سپی دەبێت.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئەمەریکا زۆر زیایکردووە و ڕۆژانە زیاتر 140 هەزار کەس تووش بوون و هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG