توێژینەوەیەکی نوێ کە سێشەممە لە لایەن دەزگای کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیـیەکان و چۆنیەتی خۆپاراستن لە نەخۆشیـیەکان لە ئەمەریکا CDC بڵاوکرایەوە دەڵێت نزیکەی 300 هەزار کەس لە ئەمەریکا لە نێوان کۆتاییەکانی مانگی یەک هەتا سەرەتاکانی مانگی دە گیانیان لە دەستداوە و دوو لەسەر سێی ئەو کەسانەش بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
ئەم دەزگا تەندروستیـیەی حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا، مەزەندە دەکات کە لەو ماوەیەدا 299 هەزار و 28کەس گیانیان لەدەستداوە و ڕەنگە زیاتر لە 198 هەزار کەسیان یان دوو لەسەر سێی ئەو کەسانە بە هۆی کۆرۆناوە مردبن هەرچەندە بە فەرمی وەها تۆمارنەکراون. توێژینەوەکە دەڵێت مردنەکانی دیکە بە هۆکاری دیکە بوون.
دەزگای CDC دەشڵێت بۆی دەرکەوت لەو ماوەیەدا مردنی کەسانی تەمەن نێوان 25 هەتا 44 ساڵ بە ڕێژەی 26.5% زیادیکردووە. ئەم زیادبوونی ڕێژەی مردنە لە نێو ئەم تەمەنانە بەرزترینە بەراورد بە تەمەنەکانی دیکە.
هەروەها ڕێژەی مردنی نێو خەڵکانی بە ڕەچەڵەک ئەمەریکای لاتین بە ڕێژەی 56% زیادیکرد و لە نێو ڕەشپێستەکانیش بە ڕێژەی 33% ، لە کاتێکدا ڕێژەی مردن لە نێو سپیپـێستەکان 12% زیادیکردووە.
ئەمەریکایـیە لاتینەکان و ڕەشپێستەکان و هەروەها ئەمەریکایـیە بە تەمەنەکان، بە شێوەیەکی خراپ تووشی کۆڤید-19 بوون.
بەپێی ئەو داتانەی سەنتەری توێژینەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای زانکۆی جۆن هۆپکینز کۆی کردوونەتەوە ، زیاتر لە 221 هەزار کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نەخۆشی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش بەرزترین ژمارەی مردنە بەراورد بە هەر وڵاتێکی دیکە لە جیهاندا.