Accessibility links

ئەندامێکی دیکەی کۆنگرێسی ئەمەریکا تووشی نەخۆشی کۆرۆنا دەبێت

ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا تووشی نەخۆشی جۆرە نوێـیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، ئەوەی بە COVID-19 ناودێرکراوە.

بەن ماک‌ئادەمز، ئەندامی دیموکرات و نوێنەری ناوچەیەکی ویلایەتی یوتا لە کۆنگرێس ، شەوی چوارشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسی" پاش ئەوەی شەوی شەممە لە واشنتنی پایتەخت گەڕامەوە، تۆزێک هەستم کرد سەرمام بووە، بۆ ڕۆژی یەکشەممە پـرسیارم لە پـزیشکەکەم کرد و دەستبەجی خۆم لە ماڵەکەم کەرەنتینە کرد. هەموو کۆبوونەوەکانم بە ڕێگەی تەلەفۆنەوە ئەنجام دا. نیشانەکانی نەخۆشیـیەکە زیاتربوون و تام لێهات و تووشی کۆکەیەکی وشک بووم و بە قورسی هەناسم بۆ دەدرا. ڕۆژی سێشەممە پـزیشکەکەم ڕێنمایی کردم کە تاقیکردنەوەی پـزیشکی ئەنجام بدەم تاوەکو بزانم تووشی COVID-19 یان نا. چووم بۆ بنکەیەکی تەندروستی و تاقیکردنەوەکەم ئەنجام دا و ئەمڕۆ دەرکەوت تووشی نەخۆشیـیەکە بووم. "

پاشان بەن ماک‌ئادەمزی تەمەن 46 ساڵ گوتی" وەکو هەموو ئەمەریکایـیەک بە ڕۆڵی خۆم هەڵدەستم بۆ نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیـیە. داوا دەکەم بە ڕژدی ئەم مەسەلەیە وەربگرن و بە پـێی ڕێنمایـیە تەندروستیـیەکان بکەن، ئەوانەی لە بنکەکانی نەهیشتنی نەخۆشی و خۆپاراستن پـێمان دەگات."

پـێشتر، ڕۆژی چوارشەممە، ماریۆ دیاز بەلەرت تەمەن 59 ساڵ، ئەندامی کۆماری و نوێنەری ناوچەیەکی فلۆریدا، ئەویش لەسەر تویتەرەکەی ڕایگەیاند تووشی نەخۆشیـيەکە بووە.

نووسیویەتی ئێستا هەست بە باشی دەکات. ئەویش داوای کرد مەسەلەی ئەم ڤایرۆسە بە ڕژدی وەربگرێت و بەپـێی ڕێنمایـیە تەندروستیـیەکان بکەن.

هەتا ئێستا زیاتر لە 9400 کەس لە ئەمەریکا تووشی نەخۆیشی کۆرۆنا بوون، لەوانە 155 کەسیان گەیانیان لە دەست داوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG