Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ئەمەریکا لە جەنگدایە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی لە حاڵەتی جەنگدایە لە دژی جۆرە نوێـیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بە دوژمنێکی نادیار ناودێری کرد. گوتیشی پەنا دەبات بۆ یاسای بەرهەمهێنانی بەرگری کە ڕێگەی پـێدەدات فەرمان بە کەرتی پـیشەسازی وڵاتەکەی بکات لە زیادکردنی پـێداویستیـیە پـزیشکیـیەکان.

سەرۆک ترامپ لە میانەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا کۆمەکی دارایی ڕاگەیاند بۆ هاوڵاتیانی ئەمەریکایی لە ڕێی وەزارەتی نیشتەجێکردن و پەرەسەندنەوە، کە دەستبەجێ یارمەتی کرێنشینان و خاوەن خانوەکان بدرێت و تا کۆتایی مانگی چوار، ڕێگە لە تەواوی ئەو پرۆسانە بگیرێن کە دەبنە گرفت بۆ خاوەن موڵکەکان و ئەوانەش کە خانوەکانیان لە بری قەرز داناوە، تا هیچ کەسێک ناچار نەکرێت بە زۆر خانوەکانیان بفرۆشنەوە.

سەرۆک ترامپ باسی لەوەش کرد کە هاوڵاتیانی ئەمریکایی لە ڕێی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە بۆ دوو جار کۆمەکی دارایی دەکرێن، وەک هەنگاوێکی تری بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی کۆڤید 19.

وەک هەنگاوێکیش بۆ کارکردن و بەڕێوەبردنی قەیرانە دوو جەمسەرییەکەی تەندروستی و ئابوری، سەرۆک ترامپ ڕایدەگەیەنێت داوای بڕیار و یاسایەکی فێدراڵی دەکات کە دەرفەت بدات بە حکومەتی فێدراڵی بۆ ڕێکخستنی کەرتی تایبەت لە وڵاتەکەدا لەم سەروەختی بڵاوبوونەوەیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سەرۆک ترامپ لە وەڵامی پـرسیارێک لە بارەی لێدوانێکی وەزیری خەزێنە کە گوتویەتی ڕەنگە ڕێژی بێکاری بگاتە 20%، گوتی ئەو لەگەڵ ئەو تێڕوانینەدا نیـیە وە ئەوەش خراپـترین سیناریۆیە کە ڕووبدات.

سەبارەت بە واژوکردنی یاسای تایبەت بە خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە، سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەگەر پێویستی کرد، ئەوا واژوی دەکات و دەشڵێت حکومەتی فێدراڵی هەموو سەرچاوەکان زیاد دەکات تا ڕێی تەواوەتی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بگیرێت.

سەرۆک ترامپ، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا کە سێهەمین ڕۆژی لەسەر یەکە ئەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیانە دەکات لە کۆشکی سپی، جارێکی تریش جەختی لەوە کردەوە کە توانایی بۆ تاقیکردنەوە پزیشکییەکان زۆرتر دەکات لە سەرانسەری ئەمەریکادا.

XS
SM
MD
LG