Accessibility links

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئێران کۆتوبەند دەخاتە سەر هاتوچۆ لە وڵاتەکەدا


کەناڵی فەڕمی ئێران ئاماژەی بەوەدا بەرپرسانی ئێران بڕیاریاندا کۆتوبەند بخەنە سەر جوڵەی هاتووچۆ لە ژمارەیەک شاری وڵاتەکەدا و کۆتوبەندەکانیش بۆ ماوەیەکی کاتین، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ماڵپەڕی کەناڵی فەڕمی ئێران لە زاری وەزارەتی ناوخۆی ئێرانەوە بڵاویکردەوە ڕێوشوێنە نوێیەکان لە بەیانی ڕۆژی دووشەممەوە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە و لانی کەم تاوەکو هەینی بەردەوام دەبن.

بڕیارەکە 25 پارێزگای وڵاتەکە دەگرێتەوە کە بەشێوەیەکی بەرچاو ڤایرۆسەکە تیایاندا تەشەنە دەکات.

بەپێی بڕیارەکە ڕێگە نادرێت دانیشتوانی ئەو شارانە بێنە دەرەوەی شارەکانیان و ڕێگە نادرێت خەڵکی دیکە بێنە ناو ئەو شارانەوە، هەر کەسێکیش بڕیارەکە پیشێل بکات ئەوا غەرامە دەکرێت.

بەپێی ڕێوشوێنە نوێیەکان، شوێنە گشتیەکانی ئەو 25 پارێزگایە دادەخرێن کە تارانیش دەگرێتەوە، ئەم ڕێوشوێنانەش لانی کەم بۆ هەفتەیەک بەردەوام دەبن.

هەروەها 46 قەزاش لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دادەخرێن و بازاڕ و دوکانە ناپێویستەکان لەو شوێنانەدا دادەخرێن.

گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانە لەکاتێکدایە کۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەیەکی پێوانەیی لە گیان لەدەستدان و توشبوونی ڕۆژانەدا تۆمار دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران سیما سادات ڕۆژی یەکشەممە وتی لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 434 کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 7,719 کەسیش توشی ڤایرۆسەکە بوون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG