Accessibility links

ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا لە 40 ویلایەتی ئەمەریکا لە هەڵکشاندایە


لە ماوەی 24 کاتژمێردا زیاتر لە 50,000 حاڵەتی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە ئەمەریکا تۆمارکرا، ئەمەش تاوەکو ئێستا زۆرترین ژمارەی توشبوونە لە یەک ڕۆژدا.

لە کۆی 50 ویلایەت ژمارەی توشبووان لە 40 ویلایەتی ئەمەریکا لە هەڵکشاندایە، لە 36 ویلایەتدا ڕێژەی ئەو پشکنینانەی کە بە پۆزەتیڤ گەڕاونەتەوە زیادیکردووە.

پسپۆڕی پزیشکی لە زانکۆی نێودەوڵەتی فلۆریدا دکتۆر ماری جۆ ترێپکا وتی " پێم وایە بۆ ماوەی بەلایەنی کەمەوە مانگێک لە هەلومەرجێکی زۆر قورسدا دەبین."

بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە و زیادبوونی ژمارەی توشبووان بەشێکی زۆری هۆکارەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی بەشێک لە هاوڵاتیانی ئەمەریکی دەمامک بەکارناهێنن و پابەندی ڕێکارەکانی دیکەی خۆپارێزی نین، لەکاتێکدا لە هەفتەکانی ڕابردوودا ویلایەتەکان قەدەغەکردنی هاتوچۆیان هەڵگرت.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی زانکۆی جۆنس هۆپکینز، 50,700 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە، ئەمەش لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە لە ئەمەریکا زۆرترین ژمارەی توشبوونە لە یەک ڕۆژدا.

بەپێی ڕێکخراوی خۆبەخشی پڕۆژەی بەدواداچوون بۆ کۆڤید، لە ماوەی 14 ڕۆژی ڕابردوودا تەنها 10 ویلایەتی ئەمەریکا ژمارەی توشبووان تیایاندا کەمیکردووە. هەریەک لە ئاریزۆنا و تێکساس و فلۆریدا و کالیفۆرنیا ژمارەی توشبووان تیایاندا زیادیکردووە. نیبراسکا و ساوث داکۆتا تەنها ویلایەتن لە باکووری ڕۆژئاوای ئەمەریکا کە ژمارەی توشبووان تیایاندا لە کەمبوونەوەدایە.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەو پشکنیانەی کە بۆ ڤایرۆسەکە کراون و پۆزەتیڤ دەرچوون لە هەریەک لە ویلایەتەکانی جۆرجیا و کانساس و مۆنتانا و میشیگن و میزۆری و تێنێسی و میسیسیپی و ساوث کارۆلاینا و ئۆهایۆ سێ هێندە بوون، لە ئایداهۆش پێنج هێندە بووە. هۆکاری ئەم زیادبوونەش بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ زیادکردنی پشکنینەکان بۆ ڤایرۆسەکە.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG