چین داواکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕەت کردەوە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی دیکە لە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وتی چین پشتیوانی لە هەوڵە " زانستیەکان " دەکات بۆ دۆزینەوەی ئەوەی چۆن ئەم ڤایرۆسە سەریهەڵداوە، نەک هەوڵە " سیاسییەکان ".
فشارەکانی سەر چین دووبارە زیادیکردەوە دوای ئەوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوایکرد لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجام بدرێت، کە سەرەتا لە شاری وهانی چین سەریهەڵدا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا و ئابووری وڵاتانی پەکخست.
لێکۆڵینەوەکانی تیمە نێودەوڵەتیەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە لە مانگی یەکدا لە وهان دەستیپێکرد، شکستی هێنا لە دەرخستنی هۆکاری سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای لە چین کرد داتاکانی یەکەمین حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە ئاشکرا بکات تاوەکو لێکۆڵینەوەکان لەسەر سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە زیندوو بکاتەوە.
چین وەڵامی دایەوە و دووبارە جەختی لەوە کردەوە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بەس بوون و داواکردن بۆ داتای زیاتر بابەتێکی سیاسییە لەجیاتی ئەوەی داوایەکی زانستی بێت.
جێگری وەزیری دەرەوەی چین ما ژۆکس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دژایەتی هەوڵی سیاسیی و پشتگوێخستنی ڕاپۆرتە هاوبەشەکە دەکەین." ڕاپۆرتە هاوبەشەکە لەلایەن تیمەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە بڵاوکرایەوە دوای سەردانەکەیان بۆ وهان لە مانگی یەکدا، وتیشی " پشتیوانی لە هەوڵی زانستی دەکەین."
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە گواسترانەوەی ڤایرۆسەکە لە شەمشەمەکوێرەوە لەڕێی ئاژەڵێکی دیکەوە بۆ مرۆڤ دیارترین سیناریۆ بووە، لەکاتێکدا دزەکردنی ڤایرۆسەکە لە تاقیگەیەکی وهان " ئەگەرێکی دوور " بووە.
ما ڕەتی کردەوە لێکۆڵینەوەی نوێ ئەنجام بدرێت. وتی " دەرەنجام و پێشنیارەکانی ڕاپۆرتە هاوبەشەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و چین لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی زانستیەوە دانیپێدانراوە."
وتیشی " لەجیاتی ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئەنجام بدرێت، دەبێت کار لەسەر ئەو دەرەنجامانە بکرێت کە لە ڕاپۆرتەکەدا باس کراون."
سەرچاوە/ فرانس پرێس