Accessibility links

سەرچاوەکان: سەرۆکی چین بە نیازە هەفتەی داهاتوو سەردانی ڕووسیا بکات


چین و ڕووسیا
چین و ڕووسیا

چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە دەڵێن سەرۆکی چین شی جین پینگ بە نیازە هەفتەی داهاتوو سەردانی ڕووسیا بکات و لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا کۆببێتەوە.

پلانی سەردانەکەی شی بۆ ڕووسیا لە کاتێکدایە کە پەکین پێشنیاری ئاشتی کردووە لە ئۆکرانیادا، پێشنیارەکەشی لەلایەن ڕۆژئاواوە بە گومانەوە سەیر دەکرێت، ئەوەش بەهۆی پشتیوانییە دیبلۆماتییەکەی چینەوە بۆ ڕووسیا.

مانگی ڕابردوو پوتن وتی ڕێککەوتوون لەسەر سەردانەکەی شی، بەڵام وتەبێژی کرێملن هیچ وردەکارییەکی لەسەر ئەگەری سەردانەکەدا نەدا. مانگی ڕابردوو ڕۆژنامەی Wall Street Journal بڵاویکردەوە سەردانەکەی شی بۆ مۆسکۆ ڕەنگە لە مانگی چوار یاخود سەرەتای مانگی پێنجدا بێت.

وەزارەتی دەرەوەی چین تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر بابەتی ئەگەری سەردانەکەی شی بۆ ڕووسیا نەداوە.

کاتێک سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز پرسیاری لێکرا، کرێملن وتی هیچ شتێکی نیە بۆ وتن سەبارەت بەو بابەتە.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ لە مۆسکۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " وەکو یاسایەک، ڕاگەیاندنی سەردانە فەڕمییە بیانییەکان بە هەماهەنگی دەبێت لەسەر ڕێککەوتنێکی هاوبەشی لایەنەکان."

وتی " کاتێک ئەو ئامادەییە هەبوو ئەوا پێتان دەڵێین."

سەرچاوەکان کە نزیکن لە بابەتەکەوە ڕەتیان کردەوە ناوییان ئاشکرا بکرێت، ئەوەش بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە.

مانگی ڕابردوو پوتن لە مۆسکۆ میوانداری دیبلۆماتکاری باڵای چین وانگ یی کرد. سەرچاوەیەک وتی گەشتەکەی وانگ بۆ مۆسکۆ بۆ ئامادەکاریکردن بووە بۆ سەردانەکەی شی.

لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا لە ماوەی سەردانێکی پوتندا بۆ پەکین چین و ڕووسیا هاوبەشییەکی " بێ سنوورییان " ڕاگەیاند، ئەوەش چەند هەفتەیەک پێش ئەوەی ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەست پێبکات. هەردوولا جەختییان لە پتەوی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردۆتەوە.

شی لەو کاتەوەی بووەتە سەرۆکی چین 39 جار لەگەڵ پوتندا کۆبۆتەوە، دوایین جار لە مانگی نۆدا بوو لە ماوەی کۆبوونەوەیەکی وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG