Accessibility links

ڕابەرانی هەواڵگری ئەمەریکا پێیان وایە چین بەردەوامە لە هاریکاریکردن لەگەڵ ڕووسیادا


بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی ئەمەریکا ئاڤریڵ هەینس
بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی ئەمەریکا ئاڤریڵ هەینس

دەزگاکانی هەواڵگری ئەمەریکا دەڵێن چین هاریکارییەکانی لەگەڵ چیندا دەپارێزێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە دژایەتیکردنی ئەمەریکا سەرەڕای نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

لە کاتێکدا کە لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دانیشتنی ساڵانەی خۆی ئەنجامدا سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەرانسەری جیهان لەسەر ئاسایشی ئەمەریکا، دەزگاکانی هەواڵگری ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا وتیان " سەرەڕای نیگەرانییەکانی جیهان سەبارەت بە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، چین هاریکارییە دیبلۆماتی و بەرگری و ئابووری و تەکنەلۆجیاکانی لەگەڵ ڕووسیادا دەپارێزێت بۆ هەوڵدان بۆ دژایەتیکردنی ئەمەریکا."

لە ڕاپۆرتەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو ئاماژە بە هەڕەشەکانی چین و ڕووسیا کراوە لەسەر ئاسایشی ئەمەریکا، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانیان، چین بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی سوپاکەی و ئامڕازەکانی دیکەی بۆ ترساندنی ڕکابەرەکانی لە دەریای باشووری چین، ئەوەش ڕەنگە چالاکی سەربازیی زیاتر لە تەنگەی تایوان و فڕینی فڕۆکەکانی بەسەر تایواندا لە خۆبگرێت.

بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی ئەمەریکا ئاڤریڵ هەینس کە ڕاوێژکاری سەرەکی هەواڵگری سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنە وتی " ڕەنگە کۆماری گەلی چین کە بە شێوەیەکی بەرچاو دژایەتی ئەمەریکا بکات لە ڕووی ئابووری و تەکنەلۆجیا و سیاسەت و سەربازییەوە لە سەرانسەری جیهاندا، وەکو ئەرکی سەرەکیمان بمێنێتەوە."

هەینس لە دەستپێکی بەیاننامەکەیدا وتی بۆ بەدیهێنانی دیدی سەرۆکی چین شی جینپینگ بۆ ئەوەی چین ببێتە زلهێزێکی گەورە لە جیهاندا، پارتی کۆمیونیستی چین " بە شێوەیەکی بەرچاو باوەڕی بەوەیە کە دەتوانێت تەنها لەسەر حسابی کاریگەری و دەسەڵاتی ئەمەریکا ئەو کارە ئەنجام بدات."

وتیشی " چەند ساڵی داهاتوو هەستیار دەبن چونکە کێبڕکێ ستراتیژییەکە لەگەڵ چین و ڕووسیادا چڕتر دەبێتەوە، بە تایبەتی لەسەر ئەوەی جیهان چۆن پەرەدەسەنێت، هەروەها لەسەر ئەوەی ئایا سەرهەڵدانی پاوانخوازی کۆنتڕۆڵ بکرێت و پێچەوانە بکرێتەوە یاخود نا.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت پێناچێت ڕووسیا هەوڵی ململانێ بدات لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا " مەترسییەکی زۆری دروست کردووە " بۆ ڕوودانی ئەو ململانێیە، هەروەها " ئەگەرێکی ڕاستەقینە هەیە " لەسەر ئەوەی شکستە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لە ناوخۆی ڕووسیادا زیان بە ناوبانگی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بگەیەنێت، ئەوەش ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان زیاتر دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG