Accessibility links

وەزیری دەرەوەی چین داکۆکی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی دەکات بەرامبەر جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا


وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی
وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی

وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی داکۆکی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کرد لەسەر جەنگی ناو ئۆکرانیا و ئاماژەی بەوەدا چین لە ساڵی داهاتوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا قوڵتر دەکاتەوە.

وانگ ئەمەریکاشی بە بەرپرس زانی لە خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین و گوتی چین " بە توندی سەرکۆنەی سیاسەتی هەڵەی چینی " ئەمەریکا دەکات.

وانگ گوتی چین " متمانەی هاوبەشی ستراتیژی و هاریکارییە هاوبەشەکان " لەگەڵ ڕووسیا قوڵتر دەکاتەوە. هەفتەی ڕابردوو دوو وڵاتەکە مەشقێکی سەربازیی دەریایی هاوبەشییان لە دەریای ڕۆژهەڵاتی چین ئەنجامدا.

وانگ گوتی " سەبارەت بە قەیرانی ئۆکرانیا، ئێمە بەردەوام دەستمان گرتووە بە بنەماکانی بێلایەنی و بابەتییەوە، بەبێ ئەوەی لایەنێکمان لە لایەنێکی دیکە پێباشتر بێت، یاخود بەنزین بکەین بە ئاگرەکەدا. هێشتا کەمتر دەگەڕێین بەدوای دەستکەوتی خۆپەرستانە لە دۆخەکەدا."

تەنانەت ئەگەر چین خاڵی هاوبەشیش لەگەڵ ڕووسیادا بدۆزێتەوە، لە کاتێکدا کە هەردوو وڵاتەکە لە ژێر فشاری ڕۆژئاوادان، ئابووریی وڵاتەکەی هێشتا بەندە بە بازاڕەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا و تەکنەلۆجیاوە.

سەرۆکی چین شی جینپینگ هەوڵی ئەوە دەدات پیشەسازییەکانی چین زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن، بەڵام وانگ دانی بەوەدانا ئەزموونەکان دەریانخستووە کە " چین و ئەمەریکا ناتوانن لە یەک جیاببنەوە یاخود زیان بە زنجیرەکانی دابنیکردن بگەیەنن."

گوتی چین کۆڵ نادات لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و چین بۆ سەر ئاڕاستەکەی خۆی، وتی پەیوەندییەکان خراپ بوون چونکە " ئەمەریکا سەرسەختانە بەردەوام بووە لە بینینی چین وەکو ڕکابەرێکی سەرەکی و بەشداری کردووە لە گەمارۆدانی یەکلایەنانە و سەرکوتکاری و کاری وروژێنەرانە دژی چین."

وانگ هەفتەی ڕابردوو لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکندا کرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی بلینکن باسی لە پێویستییەکان کردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چیندا بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە، هەروەها نیگەرانی دەربڕیوە سەبارەت بە جەنگەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا و مەترسی جەنگەکە لەسەر ئاسایشی جیهان و سەقامگیری ئابووری.

وەزارەتی دەرەوەی چین گوتی وانگ وتوویەتی چین بەردەوام دەبێت لە بینینی ڕۆڵێکی بونیادنەرانە لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیادا، بەڵام بە شێوازی خۆی.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG