Accessibility links

لە دووهەم ڕۆژی مانۆڕە سەربازییەکەیدا، چین مەشق لەسەر هێرشکردنە سەر تایوان ئەنجام دەدات


لە دووهەم ڕۆژی مانۆڕە سەربازییەکەیدا لە دەوروبەری تایوان، چین مەشقی لەسەر ئەنجامدانی هێرشی ورد کرد بۆ سەر تایوان، وەزارەتی بەرگری تایوانیش وتی چاودێری هێزە موشەکییەکانی چین دەکات.

چین کە تایوانی دیموکراتخواز بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، ڕۆژی شەممە مەشقێکی سەربازیی لە دەوروبەری تایوان دەستپێکرد و سێ ڕۆژ دەخایەنێت، ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن لە کالیفۆرنیا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کێڤن مککارثیدا کۆبۆوە.

کەناڵی سەر بە دەوڵەتی چین بڵاویکردەوە ئەرکە ئێشکگرییە سەربازییەکان و مەشقەکان لە دەوروبەری تایوان بەردەوامن.

وتی " لە ژێر سەرکردایەتی یەکگرتووی ناوەندی سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا، جۆرە جیا جیاکانی یەکەکان مەشقییان لەسەر هێرشکردنە سەر ئامانجە سەرەکییەکانی دوورگەی تایوان و ناوچە دەریاییەکانی دەوروبەری ئەنجامداوە، هەروەها بەردەوامن لە پاراستنی پێگەی هێرشکردن لە دەوروبەری دوورگەکەدا."

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ئاسایشی ناوچەکە بە ڕۆیتەرزی وت چین لە ئاوەکانی دەرەوەی کەناری باشووری ڕۆژئاوای تایواندا مەشقی لەسەر هێرشی دەریایی و ئاسمانی بۆ سەر " ئامانجە سەربازییە بیانییەکان " ئەنجامداوە.

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات چونکە ڕێگەپێدراو نەبووە قسە بۆ ڕاگەیاندنەکان بکات وتی " تایوان تەنها ئامانجییان نیە، ئەوە کارێکی زۆر وروژێنەرانەیە."

وەزارەتی بەرگری تایوان وتی تاوەکو کاتژمێر 8:00 ی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 70 فڕۆکەی چینییان لە دەوروبەری تایوان بینیوە، فڕۆکەی شەڕکەی سو – 30 و فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری ئەیچ – 6 یان تێدا بووە.

وەزارەتەکە وتی بە تایبەتی چاودێری هێزە موشەکییەکانی سوپای چین دەکەن کە بەرپرسن لە سیستمە موشەکییە وشکانییەکانی چین.

وتی " سەبارەت بە هێزی موشەکی چینی کۆمیونیستەوە، سوپای ' تایوان ' بە هەمان شێوە لە ڕێی سیستمە هەواڵگری و چاودێری و دیدەوانییەکانیەوە لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەن، هێزە ئاسمانییەکانیش لە ئامادەباشیدان."

جەختی لەوەش کردەوە هێزەکانی تایوان " پەرە بە گرژییەکان نادەن و نابنە هۆی دروستکردنی ململانێ و بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی مەشقەکانی چین دەدەنەوە."

سەرچاوە ئاسایشییەکە وتی 20 کەشتی سەربازی کە نیوەیان لە تایوان بوون و نیوەکەی دیکەیان لە چین بوون، لە نزیک هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوان ڕووبەڕووی یەک وەستابوونەوە، هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوان ماوەی چەندین ساڵە بەربەستێکی نافەڕمییە لە نێوان چین و تایواندا، سەرچاوەکە وتی هیچ کام لە کەشتییەکان بە شێوەیەکی وروژێنەرانە ڕەفتارییان نەکردووە.

ژاو شیاژوی ئەکادیمیای زانستە سەربازییەکانی چین بە ڕۆژنامەی گڵۆباڵ تایمزی سەر بە دەوڵەتی چینی وت ئەمە یەکەمین جارە چین بە ئاشکرا باس لەوە بکات مەشقی لەسەر هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ناو تایوان ئەنجامداوە.

ڕۆژنامەکە لە زاری ژاوەوە بڵاویکردەوە ئامانجە سەرەکییەکان بریتین لە ژێرخانەکان، لەوانەش هێڵی فڕۆکەکان و دامەزراوە لۆجیستیکییە سەربازییەکان و ئامانجە جوڵاوەکان، ئەوەش بە مەبەستی " لە ناوبردنیی هەموویان لە یەک کاتدا، ئەگەر پێویست بکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG