Accessibility links

سەرۆکی تایوان و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە کالیفۆرنیا کۆدەبنەوە


سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کێڤن مککارثی ڕۆژی چوارشەممە لە کالیفۆرنیا لەگەڵ سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێندا کۆبۆوە، بەوەش بووە یەکەمین بەرپرسی باڵای ئەمەریکا لە ساڵی 1979 ەوە تاوەکو ئێستا لە سەر خاکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکێکی تایواندا کۆببێتەوە، ئەمەش سەرەڕای هەڕەشەکانی چین بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە ئەگەر ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت.

مککارثی کە کۆمارییە و لە ڕیزبەندی سەرکردایەتی ئەمەریکادا سێیەمە، ڕۆژی چوارشەممە لە کتێبخانەی گشتی ڕۆناڵد ڕیگن لە سیمی ڤالێی کالیفۆرنیا پێشوازی لە تسای ئینگ وێن کرد.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە یاسادانەرانی دیکەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیش ئامادەی بوون، مککارثی تسای بە " هاوڕێیەکی مەزنی ئەمەریکا " ناوبرد و وتی " من گەشبینم لەوەی بەردەوام دەبین لە دۆزینەوەی ڕێگاکان بۆ ئەوەی گەلانی ئەمەریکا و تایوان پێکەوە کاربکەن بۆ پتەوکردنی ئازادی ئابووری و دیموکراسی و ئاشتی و ئاسایش."

تسای سوپاسی مککارثی کرد لەسەر میواندارییەکەی، هەروەها سوپاسی سەرجەم شاندەکەی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد و وتی " من زۆر خۆشحاڵ بووم."

چین تایوانی دیموکراتخواز بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و دەڵێت دەبێت لەگەڵ چیندا یەکبخرێتەوە، هەروەها دەڵێت بەپێی بنەمای " یەک چین " هیچ وڵاتێک نابێت لە هەمان کاتدا پەیوەندی فەڕمی لەگەڵ تایوان و چینیشدا هەبێت.

ساڵی ڕابردوو سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی سەردانی تایوانی کرد و تووڕەبوونی چینی لێکەوتەوە، دواتر چین چالاکییەکی گەورەی سەربازی لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدا کە بێپێشینە بوو.

وەزارەتی بەرگری تایوان وتی گروپێک لە کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکانی چین پێش کۆبوونەوەکەی مککارثی و تسای لە ئاوەکانی دەرەوەی کەناری باشووری ڕۆژهەڵاتی تایواندا بوون.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی هیچ شتێکی نوێ نیە لە تێپەڕبوونی سەرۆکێکی تایواندا بە ئەمەریکادا و نابێت چین ئەمە وەکو پاساوێک بەکاربهێنێت بۆ زیادکردنی گرژییەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێن دژی تایوان.

چین چەندین جار هۆشداری داوەتە بەرپرسانی ئەمەریکا لەگەڵ تسایدا کۆنەبنەوە. لە ساڵی 2019 ەوە ئەمە یەکەمین جارە تسای لە گەشتێکدا بۆ ئەمەریکای ناوەڕاست بە ئەمەریکادا تێپەڕ ببێت. سەرۆکی تایوان بەردەوام ئەم جۆرە گەشتانەی ئەنجامداوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG