Accessibility links

چین 60,000 حاڵەتی نوێی گیان لە دەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تۆمار دەکات


ڕۆژی شەممە چین نزیکەی 60,000 حاڵەتی گیان لە دەستدانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تۆمارکرد و ئاماژەی بەوەدا ئەو حاڵەتە نوێیانە لە مانگی دوانزەوە بوون تاوەکو ئێستا، وتیشی باری نائاسایی ئەم شەپۆلە نوێیەی توشبوون و گیان لە دەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە لوتکە تێپەڕیوە.

کۆمسیۆنی تەندروستی نیشتمانی چین وتی لە 8 ی مانگی دوانزەوە 5,503 حاڵەتی گیان لە دەستدان بەهۆی سستبوونی کۆئەندامی هەناسەوە بووە کە بەهۆی توشبوونیانەوە بووە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، 54,435 حاڵەتی دیکەی گیان لە دەستدانەکان بەهۆی نەخۆشی دیکەوە بووە کە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا تێکەڵ بوون و بوونەتە هۆی گیان لە دەستدانی توشبووەکان. وتیشی " ئەو گیان لە دەستدانانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بوون لە نەخۆشخانەکان بوون، لەبەر ئەوە ڕەنگە خەڵکی دیکەش هەبووبێت لە ماڵەکانیاندا گیانیان لە دەستدابێت."

دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی دوانزەدا چین ڕێوشوێنە توندەکانی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لابرد، چیتر داتاکانی لەسەر حاڵەتەکانی توشبوون و گیان لە دەستدانی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە بڵاونەکردەوە. لابردنی ڕێوشوێنەکان سەرەڕای ئەوەش بوو کە لە مانگی 10 ەوە ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و وڵاتانی دیکەی جیهان داوای زانیارییان کردووە، ئەوەش دوای ڕاپۆرتی شار و شارۆچکەکانی چین کە دەڵێن زیاتر لە سەدان ملیۆنان کەس لە چین ڕەنگە هەڵگری ڤایرۆسەکە بن.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG