Accessibility links

نزمبوونەوەی پلەی گەرما یارمەتی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەدات دوای گەورەترین ئاگرکەوتنەوەی کێوی لە کالیفۆرنیا


هەزاران کارمەندی ئاگرکوژێنەوە کە شەڕ لەگەڵ ئاگرکەوتنەوە کێوییەکەی باکووری کالیفۆرنیا دەکەن لەلایەن کەش و هەواوە یارمەتییەکییان وەرگرت، ئەمەش چەند کاتژمێرێک دوای پەرەسەندن و گەورەبوونی ئاگرەکە کە ناوچەیەکی بە قەبارەی شاری لۆس ئانجلسی گرتووەتەوە.

ئاگرەکە یەکێک بووە لەو ئاگرانەی کە لە ڕۆژئاوای ئەمەریکا و کەنەداوە دروست بووە و گەرما و با بەهێزتری کردووە.

نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی شێ ڕەنگە یارمەتیدەر بن لە خاوکردنەوەی پەرەسەندنی ئاگری پارکدا، کە لەم ساڵدا تاوەکو ئێستا گەورەترین ئاگرە لە کالیفۆرنیادا. چڕی و خێرایی پەرەسەندنی ئاگرەکە وایکرد بەرپرسان بڵێن ئاگرەکە هاوشێوەی ئاگرە دڕندەکەی کامپە، ئەو ئاگرە لە نزیک پارادایس لە ساڵی 2018 دا بووە هۆی گیان لە دەستدانی 85 کەس و سوتاندنی 11,000 خانوو.

ئەمجارەش پارەدایس نزیک بوو لە ناوچەی مەترسیدارەوە. ڕۆژی شەممە سەرانسەری شارۆچکەکە ئاگادارکرانەوە چۆڵی بکەن. فەرمانی چۆڵکردن لە شارۆچکەکانی پلوماس و تیهاما و شاستاش دەرکران. ئاگاداری چۆڵکردن واتە داوا لە خەڵکەکە دەکرێت ئامادە بن بۆ چۆڵکردن و چاوەڕوان بن بۆ ڕێنمایی نوێ. فەرمانی چۆڵکردن واتە دەستبەجێ چۆڵکردنی شوێنەکە.

پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا پلەکانی گەرما نزم ببنەوە. مارک چیناردی کەشناس لە ناوەندی پێشبینیکردنی کەش و هەوای نیشتیمانی لە کۆلێژ پارک وتی " بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە کە ئەو ئاگرانەی کە هەن نامێنن."

ئاگرەکە ڕۆژی چوارشەممە کەوتووەتەوە کاتێک بەرپرسان وتییان پیاوێک لە چیکۆ پاڵی بە ئوتومبێلێکی سوتاوەوە ناوە بۆ ناو جۆگەلەیەک و دواتر هێمنانە تێکەڵی خەڵکەکە بووە و هەڵاتووە. ئاگرەکە تاوەکو ڕۆژی شەممە 1409 کیلۆمەتری گرتووەتەوە. ئاگرەکە بەرەو باکوور و ڕۆژهەڵات دەڕوات.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕۆنی دین ستاوتی تەمەن 42 ساڵ کە خەڵکی چیکۆیە دەستگیرکراوە و بە تۆمەتی پەیوەندییەوە بە ئاگرکەوتنەوەکەوە تۆمەتبار کراوە.

فەرماندەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی کالیفۆرنیا بیڵی سی ڕۆژی شەممە وتی ئاگرەکە لە کاتژمێرێکدا 21 کیلۆمەتر دەڕوات. بەڵام گەشبینییەک هەبووە لەسەر ئەوەی فێنکبوونەوەی کەش و هەوا یارمەتیدەر بووە لە خاوکردنەوەی پەرەسەندنی ئاگرەکەدا لە هەندێک ناوچەدا، کارمەندانی ئاگرکوژێنەوەش توانیویانە کارمەندی زیاتر ڕەوانە بکەن. نزیکەی 2500 کارمەند هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن و 16 هێلیکۆپتەر و ژمارەیەک زۆر لە تانکەری هەواییش یارمەتییان دەدەن.

وتی " ئەمڕۆ سێ هێندە زیاتر کارمەندمان هەیە بە بەراورد لەگەڵ دوێنێ بەیانیدا. بەڵام هێشتا بەس نیە."

هەروەها داوای لە کارمەندان کرد پارێزراو بن و سوود وەرگرن لە فێنکبوونەوەی کەش و هەوا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.

ڕۆژی هەینی زیاتر لە 110 ئاگر هەبوون لە ئەمەریکادا و 7250 کیلۆمەترییان گرتووەتەوە، هەندێک لە ئاگرەکان بەهۆی کەش و هەواوە بوون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG