دادگای باڵای بەڕازیل ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی پەسەند کرد کە تیایدا بڕیار دەدرێت لەسەر ئەوەی ئایا سەرۆکی پێشووی بەڕازیل یایر بۆڵسۆنارۆ هانی هێرشەکانی بۆ سەر کۆنگرێس و دادگای باڵا و ئۆفیسەکانی سەرۆکایەتی بەڕازیل داوە یاخود نا.
لەمدواییانەدا لایەنگرانی بۆڵسۆنارۆ هێرشییان کردە سەر دادگای باڵا و بینای سەرۆکایەتی و کۆنگرێسی بەڕازیل.
دادوەری باڵای دادگاکە ئالکیساندەر دی مۆرایس داوایەکی ئۆفیسی دەسەڵاتی گشتی دادوەری پەسەند کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە بۆڵسۆنارۆ، ئەوەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی فراوانتردا، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ گرتە ڤیدیۆیەکی بۆڵسۆنارۆ کە دوو ڕۆژ پێش هێرشەکە بڵاوکراوەتەوە. لە ڤیدیۆکەدا ئاماژە بەوە دەدرێت سەرۆکی نوێی بەڕازیل لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا بە دەنگدان نەبووەتە سەرۆکی وڵاتەکە، بەڵکو لەلایەن دادگای باڵا و دەسەڵاتی هەڵبژاردنەکانی بەڕازیلەوە هەڵبژێردراوە.
بەرپرسانی بەڕازیل لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە دەکەن کێ هانی لایەنگرە توندڕەوەکانی بۆڵسۆنارۆی داوە هێرش بکەنە سەر بیناکانی حکومەت، لە هەوڵێکدا بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی مانگی 10. ئەوانەی کراونەتە ئامانج بریتین لەو کەسانەی کە پشێویکارەکانیان بانگ کردووە بۆ پایتەخت یاخود پارەی گواستنەوەیان بۆ داون، ئەندامانی هێزەکانی ناوخۆی ئاسایشیش کە ڕەنگە هیچ کاردانەوەیەکییان نەبووبێت و ڕێگەیان بە هێرشەکە دابێت.
سەرچاوە/ AP