Accessibility links

دوای هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە حکومییەکان، بەرپرسانی بەڕازیل بەڵێن دەدەن دیموکراسی وڵاتەکە بپارێزن

بەرپرسانی بەڕازیل ڕۆژی دووشەممە بەڵێنیاندا دیموکراسی لە وڵاتەکەدا بپارێزن و سەرکۆنەی " کردەوە تیرۆریستییەکانیان کرد." ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی هەزاران لە لایەنگرانی سەرۆکی پێشووی بەڕازیل یایر بۆڵسۆنارۆ هێرشییان کردە سەر کۆنگرێس و دادگای باڵا و کۆشکی سەرۆکایەتی بەڕازیل لە براسیلیای پایتەخت.

سەرۆکی بەڕازیل لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا سەردانی بیناکانی کرد کە زیانێکی گەورەیان پێگەیشتووە و بڕیارێکی ئاسایشی فیدڕاڵی دەرکرد. بەڵێنیدا پشێویکاران ڕووبەڕووی دادگا بکاتەوە و سزای ئەو پۆلیسانەش بدات کە شکستیان هێناوە لە ڕاگرتنی خۆپیشاندەرەکاندا.

بڕیارەکە دەسەڵاتی تایبەت دەدات بە حکومەتی بەڕازیل بۆ گەڕاندنەوەی یاسا لە پایتەختدا و تاوەکو 31 ی مانگی یەک بەردەوام دەبێت.

لولا و ڕابەرانی کۆنگرێس و سەرۆکی دادگای باڵا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تیایدا وتیان " بەرگریکاران لە دیموکراسی بەڕازیل کردەوە تیرۆریستی، تێکدان، تاوان و هەوڵی کودەتاکان ڕەت دەکەنەوە و بەپێی یاسای بەڕازیل یەکگرتوون لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی دامەزراوەییدا."

بەرپرسانی بەڕازیل دەڵێن زیاتر لە 1200 لایەنگری بۆڵسۆنارۆیان دەستبەسەر کردووە، بۆڵسۆنارۆی ڕاستڕەو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مانگی 10 دا بە جیاوازییەکی کەم لەبەردەم لولای چەپڕەودا شکستی هێنا. لایەنگرانی بۆڵسۆنارۆ کە ئێستا خۆی لە ئۆرلاندۆی ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریکایە، هەوڵی زیندووکردنەوەی دەسەڵاتی بۆڵسۆنارۆ یاخود دوورخستنەوەی سەرۆکی نوێی وڵاتەکە لولایان دەدا.

بۆڵسۆنارۆ ڕەتی کردەوە هانی لایەنگرەکانی دابێت و وتی پشێویکارەکان " هێڵەکەیان بەزاندووە."

لولا وتی " هەموو ئەوانەی ئەم کارەیان کرد دەدۆزرێنەوە و سزا دەدرێن."

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر و سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ لە میانەی کۆبوونەوەکەیاندا لە مەکسیکۆ سیتی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناو بەڕازیل بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا دەڵێن " لە پاڵ بەڕازیلدا دەوەستین لە کاتێکدا هەوڵی پاراستنی دامەزراوە دیموکراسییەکانی دەدات. حکومەتەکانمان پشتیوانی لە ئازادی خواستی گەلی بەڕازیل دەکەن. بە پەرۆشەوەین بۆ کارکردن لەگەڵ سەرۆک لولادا."

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی " توشی سەرسوڕمان بووم لەوەی کە بینیم، بەڵام دەبێت پێتان بڵێم من متمانەم بە بەڕازیل هەیە، متمانەی بە دامەزراوە بەڕازیلییەکان هەیە و دڵنیام لەوەی بەڕازیل بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە ئەم دۆخەدا دەکات و دیموکراسی لە بەڕازیل بەردەوام دەبێت."

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز وتی " هێرشە توندوتیژەکانی سەر دامەزراوە دیموکراسییەکان هێرشن بۆ سەر دیموکراسی و لێبووردنیان نیە." وتیشی ئەڵمانیا لە پاڵ لولادایە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG