Accessibility links

ڕابەرانی جیهان سەرکۆنەی هێرشەکان دەکەن بۆ سەر دامەزراوە حکومییەکانی بەڕازیل


لە ماوەی ڕابردوودا لایەنگرانی سەرۆکی پێشووی بەڕازیل یایر بۆڵسۆنارۆ هێرشییان کردە دادگای باڵا و بینای کۆنگرێسی بەڕازیل و گەمارۆی کۆشکی سەرۆکایەتییاندا لە براسیلیای پایتەخت. ئەمەش دوابەدوای شکستی بۆڵسۆنارۆ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا. ئەم ڕووداوانەش کاردانەوەی ڕابەرانی جیهانی لێکەوتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن سەبارەت بە هێرشەکان وتی " سەرکۆنەی هێرشەکان دەکەم بۆ سەر دیموکراسی و پشتیوانی ڕادەستکردنی دەسەڵات دەکەم بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە بەڕازیل. دامەزراوە دیموکراتەکانی بەڕازیل پشتیوانی تەواوی ئێمەیان هەیە و خواستی گەلی بەڕازیل نابێت بخرێتە مەترسییەوە. بە پەرۆشەوەم بۆ کارکردن لەگەڵ سەرۆکی نوێی بەڕازیل لولادا."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی " سەرکۆنەی هێرشەکان دەکەین بۆ سەر سەرۆکایەتی و کۆنگرێس و دادگای باڵای بەڕازیل. بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە دیموکراسییەکان هەمیشە جێی پەسەند کردن نیە. بەشدارین لەگەڵ سەرۆکی بەڕازیلدا بۆ داواکردن لە خەڵکەکە بۆ کۆتایی هێنان بەو کارانە بە زووترین کات."

سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر وتی " هەوڵی کودەتاکە لەلایەن پارێزگارانی بەڕازیلەوە لەلایەن دەسەڵاتی دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکان و وتەبێژ و کۆنەپەرستەکانیانەوە هاندراوە، ئەو کارانەش سەرزەنشت دەکرێن و نا دیموکراسین. لولا بە تەنها نیە و پشتیوانی سەرجەم هێزەکانی ئەم وڵاتەی هەیە، مەکسیک و کیشوەری ئەمەریکا و جیهانیش."

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان وتی " ئەمەریکا سەرکۆنەی هەر هەوڵێک دەکات کە بۆ ئەوە دەدرێت دیموکراسی بەڕازیل بخرێتە مەترسییەوە. سەرۆک بایدن لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکات و پشتیوانیمان بۆ دامەزراوە دیموکراسییەکانی بەڕازیل جێگیرە. دیموکراسی بەڕازیل بە توندوتیژی ناهەژێت."

سکرتێری گشتی ڕێکخراوی وڵاتانی ئەمەریکا لویس ئالمارگۆ وتی " سەرکۆنەی هەر هێرشێک دەکەین بۆ سەر دامەزراوەکانی بەڕازیل، کە کارێکن سەرزەنشت دەکرێن و هێرشی ڕاستەوخۆن بۆ سەر دیموکراسی. ئەم کارانە کاری فاشیست و بێ بیانوون."

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ وتی " نیگەران بووین سەبارەت بە توندوتیژیی و داگیرکارییە نایاساییەکەی بارەگای حکومەتی بەڕازیل لەلایەن توندڕەوەکانەوە. پشتیوانی تەواومان بۆ لولا و حکومەتەکەیەتی، بۆ کۆنگرێس و دادگای باڵای فیدڕاڵ. دیموکراسی بەڕازیل بەسەر توندوتیژی و توندڕەویدا سەردەکەوێت."

سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی وتی " زۆر نیگەرانم سەبارەت بە هەوڵی پشێوییەکان و کارە تێکدەرەکان دژی دامەزراوەکانی دەوڵەتی بەڕازیل. نەریتە دیموکراسییەکان دەبێت لەلایەن هەمووانەوە ڕێزییان لێبگیرێت. پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ دەسەڵاتدارانی بەڕازیل دەردەبڕین."

وەزیری دەرەوەی پورتوگال گۆمێز کراڤینهۆ وتی " بەبێ هیچ گومانێک بۆڵسۆنارۆی سەرۆکی پێشووی بەڕازیل بەرپرسیارێتی هەیە. دەنگی ئەو لەلایەن ئەم خۆپیشاندەرە دژ بە دیموکراسییەکانەوە بیسترا. زۆر گرنگ دەبێت ئەگەر ئەو پەیامێکی سەرکۆنەکردن بڵاوبکاتەوە دژی ئەو پشێوییەی کە ئێستا لە بەڕازیل ڕوودەدەن."

سەرۆکی چیلی گابرێل بۆریک وتی " حکومەتی بەڕازیل پشتیوانی تەواوی ئێمەی هەیە دژی ئەم هێرشە خراپ و ترسنۆکانەیە بۆ سەر دیموکراسی."

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی " هێرشە توندوتیژەکە بۆ سەر دڵی حکومەتی بەڕازیل لەلایەن توندڕەوە ڕاستڕەوەکانەوە دڵ ناخۆشکەرە بەڵام دیمەنێکە پێشتر بیندراوە. لە پاڵ گەلی بەڕازیل و دیموکراسیدا دەوەستین."

هەریەک لە سەرۆکەکانی ڤەنزوێلا و ئیکوادۆر و بۆلیڤیا و پاراگوای و ئەرجەنتین و کۆڵۆمبیاش بە هەمان شێوە سەرکۆنەی توندوتیژییەکانیان کرد.

هەریەک لە سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا و ئیسپانیا و کۆمەڵێک وڵاتی دیکەی جیهان سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر دامەزراوەکانی حکومەتی بەڕازیلییان کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتی بەڕازیل دەربڕی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG