بۆریس جۆنسن دەستبەرداری هەوڵەکانی بوو بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا، بەهۆی ئەوەشەوە ئێستا ڕیشی سوناک پاڵێوراوترە بۆ بوون بە سەرۆک وەزیری دواتری بەڕیتانیا. جۆنسن وتی سەرەڕای ئەوەی پشتیوانی تەواوی هەبووە بۆ سەرکەوتن، پێی وابووە وڵاتەکە و پارتی پارێزگارانی بەڕیتانیا پێویستییان بە یەکگرتووی هەیە.
جۆنسن بەپەلە لە پشووەکەی لە کاریبیان گەڕایەوە تاوەکو هەوڵ بدات پشتیوانی 100 یاسادانەری بەڕیتانی بە دەست بهێنێت و دووبارە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا و شوێن لیز ترەس بگرێتەوە.
جۆنسن وتی پشتیوانی 102 یاسادانەری بە دەستهێناوە، بەڵام شکستی هێناوە لە ڕازیکردنی ڕیشی سوناک و کاندیدەکەی دیکە پێنی مۆردۆنتدا بۆ " پێکەوە بوون لە بەرژەوەندی وڵاتەکەدا."
جۆنسن گوتی " لەبەر ئەوە باشترین شت ئەوەیە ڕێگە نەدەم هەڵبژاردنم بەرەو پێشەوە بڕوات و پابەند دەبم بە پشتیوانیکردنی هەر کەسێک کە سەرکەوتوو دەبێت."
گوتی " پێم وایە شتی زۆرم پێیە پێشکەشی بکەم بەڵام کاتەکە لە ئێستادا گونجاو نیە."
لێدوانەکانی جۆنسن ڕێگەخۆشکەر دەبن بۆ سوناکی ڕکابەری تاوەکو ببێتە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا.
بەپێی یاساکانی کێبڕکێی بوون بە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا، ئەگەر تەنها یەک کاندید پشتیوانی 100 یاسادانەری پارتی پارێزگاران بە دەست بهێنێت ئەوا ڕۆژی دووشەممە وەکو سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا دەستنیشان دەکرێت.
ئەگەر دوو کاندید هەمان پشتگیرییان دەست بکەوێت، ئەوا لە پارتەکەدا دەنگدانێک دەکرێت و براوە ڕۆژی هەینی ڕادەگەیەندرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بۆریس جۆنسن دەستبەرداری هەوڵەکەی بوو بۆ دووبارە بە دەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا
