Accessibility links

بۆڵتن: سەرۆک ترامپ یارمەتیەکانی بۆ ئۆکرانیا بەستبۆوە بە لێکۆڵینەوەکانەوە لەسەر بایدن


ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن

بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن لە ڕەشنووسی کتێبێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ویستوویەتی یارمەتیە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا ڕابگرێت تا ئەو کاتەی ئۆکرانیا لێکۆڵینەوەیەک دەکات لەسەر جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نووسراوەکەدا، دیموکراتەکان داوایان کرد بۆڵتن و کەسایەتیە گرنگەکانی دیکە بانگهێشتی دادگاییکردنەکەی سەرۆک ترامپ بکرێن لە ئەنجومەنی سینات تاوەکو گەواهی خۆیان بدەن.

دیموکراتەکان دەشیانەوێت بەڕێوبەری ئۆفیسی سەرۆکایەتی میک مۆڵفاتیش گەواهی خۆی بدات.

وەکو ئاماژەیەک بۆ کتێبەکەی بۆڵتن کە هێشتا بڵاونەکراوەتەوە، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەدات سەرۆک ترامپ بە بۆڵتنی ڕاگەیاندووە یارمەتییەکان بە بڕی 391 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکرانیا ڕابگرێت، ئەمەش ئەگەر کاربەدەستانی ئۆکرانیا لێکۆڵینەوەیەک نەکەن لەسەر جۆ بایدن و هەنتەری کوڕی، هەنتەر لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی گروپێکی گازی ئۆکرانی کاردەکات.

سەرۆک ترامپ لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە لەم بارەیەوە نووسیویەتی هەرگیز بە جۆن بۆڵتنی نەگوتووە یارمەتیـدانی ئۆکرانیا پەیوەستە بە لێکۆڵینەوە لە دیموکراتەکان، بە بایدنیشتەوە. دەڵێت بۆڵتن بۆیە ئەمە دەڵێت تاوەکو پەرتووکەکەی پـڕفرۆش بکات.

لە 18ی مانگی دوانزەدا ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە دیموکراتەکان تیایدا باڵادەستن بە فەڕمی تۆمەتەکانیان ئاڕاستەی سەرۆک ترامپ کرد. ئێستا لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دادگاییکردنی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بەڕێوەدەچێت لەسەر دوو تۆمەت، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و کۆسپ خستنەبەردەم کارەکانی کۆنگرێس.

پارێزەرانی سەرۆک ترامپ دەڵێن ڕاگرتنی یارمەتییەکان بۆ ئۆکرانیا هیچ پەیوەندییەکی نەبووە بە داواکانەوە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر بایدن، بەڵام ڕەشنووسی کتێبەکەی بۆڵتن پێچەوانەی ئەوە دەڵێت.

لەمدواییانەدا بۆڵتن ئامادەی خۆی نیشاندا بۆ ئامادەبوون بەمەبەستی گەواهیدان لەسەر بابەتەکە، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر بانگهێشت بکرێت.

ڕابەری تیمی لێپێچینەوە لە دادگاییکردنەکەی سەرۆک ترامپ دیموکرات ئادەم شێف لە تویتێکدا وتی " سەرۆک ترامپ داواکەی ئێمەی ڕەت کردەوە بۆ بانگهێشتکردنی بۆڵتن تاوەکو گەواهی بدات." وتیشی " ئێستا هۆکارەکەی دەزانین، لێدوانەکانی بۆڵتن تەواو پێچەوانەی لێدوانەکانی تیمی پارێزەرانی سەرۆک ترامپە."

لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی وتی " ئێستا لە هەموو کات زیاتر هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ ڕێگە نەدان بە گوێگرتن لە بۆڵتن و شایەتحاڵەکانی دیکە و سەیرکردنی بەڵگەنامەکان."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG