Accessibility links

بایدن ناوچە زیانلێکەوتووەکانی زریانی هێلین بەسەر دەکاتەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە جۆرجیا بوو بۆ بینینی ئەو کاولکارییەی کە زریانی هێلین لە ویلایەتەکەدا بە دوای خۆیدا جێی هێشتووە.

بایدن لە جۆرجیا وتی " ئێوە بە کاتێکی زۆر سەختدا تێپەڕین. کاری ئێمە یارمەتیدانی زۆرترین کەسە کە بتوانین."

فەرمانڕەوای ویلایەتی جۆرجیا بڕایان کەمپ وتی لە جۆرجیا بەهۆی زریانەکەوە 33 کەس گیانییان لە دەستداوە.

پێشتر هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆک بایدن بەسەر ئەو ناوچانەی ویلایەتی فلۆریدادا ڕۆیشت کە زۆرترین زیانییان بەرکەوتووە بەهۆی زریانەکەوە و دواتر لە شارۆچکەی پێری نیشتەوە.

بایدن بە کەنار دەریای کیتندا ڕۆیشت و لەوێ لەگەڵ دانیشتواندا قسەی کرد، قسەی لەگەڵ دوو کەسدا کرد کە خانووەکەیان بەهۆی زریانەکەوە لە دەستدابوو.

هەتاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە ژمارەی گیان لە دەستدانەکان بەهۆی زریانی هێلینەوە بەرز بووەوە بۆ لانیکەم 200 کەس، ئەمەش وادەکات زریانی هێلین لە دوای زریانی کاتریناوە کە لە ساڵی 2005 دا ڕوویدا کوشندەترین زریان بێت لە ئەمەریکادا.

زۆرێک لە ڕزگاربووانی هێلین هێشتا باوەڕ بەو هێزە ناکەن کە درەخت و ماڵ و ژیانییانی لە بن دەرهێنا.

سارا ڤێکاسی خاوەنی دووکانێک لە بلاک ماونتنی نۆرث کارۆلاینا بە ئەسۆشیەتد پرێسی وت " هەموو ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە لە ژیاندا ماوم. باش نیم و دۆخم باش نیە. بەڵام زۆر سوپاسگوزارم لەسەر ئەوەی لە ژیاندا ماوم، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە زۆرێک لە ژیاندا نەمان."

ڕۆژێک پێش ئەوە بایدن و جێگرەکەی، کامڵا هێرس، سەردانی ناوچەکانی دیکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکایان کرد بۆ زانینی قەبارەی زیان و کاولکارییەکان.

بایدن چوو بۆ نۆرث کارۆلاینا و ساوث کارۆلاینا، هاوکات هێرس چوو بۆ ئۆگوستای جۆرجیا.

بایدن دوای ئەوەی فڕۆکەکەی بەسەر چەند بەشێکی نۆرث کارۆلاینادا ڕۆیشت وتی " ملیاران دۆلاری دەوێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زیانەکانی ئەم زریانە و هەموو ئەو کۆمەڵگانەی کە زیانییان بەرکەوتووە. دەبینیت کە خانووەکان لەملای ڕووبارەکەوە جووڵاون بۆ ئەولای ڕووبارەکە."

هێرس سەردانی ئوگوستای جۆرجیای کرد و وتی " دەیەوێت بە تایبەتی کاولکارییەکە ببینێت کە زۆر زۆرە."

بایدن ڕەوانەکردنی 1000 سەربازی ئەمەریکایی پەسەند کردووە بۆ یارمەتیدانی وەڵامدانەوەکە و هەوڵەکانی فریاگوزاری لەو کۆمەڵگەیانەدا کە زریانەکە کاری تێکردوون.

هێلین ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو گەیشتە فلۆریدا و بەرەو نۆرث کارۆلاینا و ساوث کارۆلاینا و جۆرجیا و تێنێسی و ڤێرجینیا ڕۆیشت و لە هەر یەکێک لەو ویلایەتانەدا کاولکاری بە دوای خۆیدا جێهێشت.

تیمەکانی فریاگوزاری خێرا و تیمە فریاگوزارییەکانی دیکە بیست و چوار کاتژمێرە کارییان کردووە بۆ پاککردنەوەی شەقامەکان و دابینکردنی خۆراک و پاککردنەوەی ناوچەکان و گەڕان بە دوای ئەو خەڵکانەدا کە گیرییان خواردووە.

بەرپرسان دەڵێن سەدان کەس بێسەروشوێن بوون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

This item is part of
XS
SM
MD
LG