سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە قسەی لەگەڵ دوو ئازادکراوی ئەمەریکاییدا کرد کە لەلایەن حەماسەوە لە غەزە بە بارمتە گیرابوون.
جودیث ڕانان و کچە تەمەن 17 ساڵەکەی، ناتالی، ڕۆژی هەینی ئازادکران. ئەو دوو هاووڵاتییەش یەکەمین بارمتەن کە ئازاد کرابێتن لە نێو ئەو 200 کەسەی کە لە ماوەی هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل بە بارمتە گیران و ڕفێندران بۆ غەزە.
سەرۆک بایدن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕۆژی شەممە لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە قسەی لەگەڵدا کردوون. بە جودیثی وتووە دڵخۆشە بەوەی ئازادکراون.
سەرۆک بایدن وتی " بە ویستی خودا هەموویان ئازاد دەکەین." ناتالیش سوپاسی بایدنی کردووە لەسەر ئەو " خزمەتانەی " پێشکەشی ئیسڕائیلی دەکات. جودیثیش وتی تەندروستییان باشە.
لەلای خۆیەوە گروپی چەکداریی حەماسی فەڵەستینییەکان ڕایگەیاند دایک و کچێکییان ئازاد کردووە، ئەوەش بە هۆکاری مرۆیی و بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی قەتەڕدا.
ئەندامانی خێزانەکەی جودیث ئاماژەیان بەوە دابوو جودیث و کچەکەی کە ماڵییان لە شیکاگۆی ئەمەریکایە بە گەشتێک لە ئیسڕائیل بوون بە بۆنەی یادی لە دایکبوونی دایکی جودیث و پشووەکانی جووەکانەوە.
سەرچاوە/ AP
سەرۆک بایدن لەگەڵ دوو بارمتەی ئەمەریکایی ئازادکراودا قسە دەکات
