گوتەبێژی حەماس ڕۆژی هەینی20ی مانگی 10 ڕایگەیاند ژنێکی ئەمەریکایی و کچەکەی ئازاد کردووە کە لە کاتی هێرشی چەکدارانی ئەو گرووپە بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی 10 بە بارمتە گیرابوون.
باڵی چەکداری حەماس کە بە عیزەدین قەسام ناسراون، ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند دوو لەو 200 کەسەی کە لە ئیسرائیل ڕفێندرابوون، بە نێوەندگیری قەتەر ئازاد کردووە.
ئەبو عوبێدە، گوتەبێژی گروپی عیزەدین قەسام، ڕایگەیاند "حەماس ئەو دوو کەسەی ئازادکردووە بە هۆکاری "مرۆیی" و بۆ ئەوەی بە "گەلی ئەمەریکا و جیهان بسەلمێنێت کە تۆمەتەکانی (جۆو) بایدن و حکومەتەکەی درۆیە".
ئیسرائیل ئازادکردنی ئەم دوو کەسەی پشتڕاستکردوەتەوە.
میدیاکانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە ئەم دوو هاووڵاتییە ئەمەریکاییە ڕادەستی میسر کراون. هەروەها خاچی سووری نێودەوڵەتی پشتڕاستی کردەوە کە ئەو دوو کەسەی وەرگرتووە.
بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، قەتەر پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ یەحیا سەنوار، یەکێک لە سەرکردەکانی حەماس لە غەززە هەیە، کە لە دوو هەفتە لەمەوبەرەوە وەک هەموو سەرکردەکانی ئەم گرووپە خۆی حەشارداوە.
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە لانیکەم 20 منداڵ و نەوجەوان لە نێو ئەو بارمتانەدان کە حەماس بە بارمتەی گرتوون.
ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئەو وڵاتە کە تیایدا 1400 کەس کوژراون و چەندین کەسیش بە بارمتە گیراون، نزیکی دوو هەفتەیە هێڕش دەکاتە سەر غەززەی ژێر دەسەڵاتی حەماس و تاکو ئێستاش بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 4 هەزار کەس کوژراوە. ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کاردەکات بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و لەناوبردنی تەواوەتی حەماسیش.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز
حەماس بە نێوەندگیری قەتەر دوو بارمتەی ئەمەریکایی ئازاد دەکات
