Accessibility links

سەرۆک بایدن داوا لە فەرمانڕەوای نیویۆرک دەکات دەست لەکاربکێشێتەوە


فەرمانڕەوای ویلایەتی نیویۆرک ئاندرو کومۆ
فەرمانڕەوای ویلایەتی نیویۆرک ئاندرو کومۆ

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوای لە فەرمانڕەوای ویلایەتی نیویۆرک ئاندرو کومۆ کرد دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دادوەری گشتی ویلایەتەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کومۆ گێچەڵی سێکسی بە کۆمەڵێک ئافرەت کردووە کە ئەمەش پێشێلکردنی یاسا فیدڕاڵیەکان و ویلایەتەکەیە، کومۆش بە توندی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە.

بایدن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " پێم وایە دەبێت دەست لەکاربکێشێتەوە."

دادوەری گشتی ویلایەتی نیویۆرک لێتیتا جەیمس وتی گوایە کومۆ گێچەڵی سێکسی بە 11 کارمەندی ئێستا و پێشووتری حکومەتی ویلایەتەکە کردووە.

جەیمس وتی لێکۆڵینەوەکان " ترسێکی گەورەیان " دەرخستووە کە لەلایەن ڕەفتارەکانی کومۆوە دروست بووە، لەوانەش ماچکردنی نەخوازراو و دەست لێدان و باوەشکردن و قسەی نەشیاو.

وتیشی کومۆی دیموکرات تۆڵەی لە لانی کەم یەکێک لە کارمەندەکانی پێشوو کردۆتەوە کە لەسەر ڕەفتارەکانی هاتۆتە دەنگ.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئالبانی، کومۆ ڕەتی کردەوە هیچ ڕەفتارێکی هەڵەی کردبێت، ڕایگەیاند " هەرگیز بەشێوەیەکی نەگونجاو دەستم لە کەس نەداوە."

وتیشی " ئەمە من نیم، هەرگیزیش بەو شێوەیە نەبووم."

لە مانگی سێدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ئەگەر لێکۆڵینەوەکان ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ کومۆ پشتڕاست بکاتەوە، ئەوا دەبێت دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی " نازانم ئەگەر کەسێک هەبووبێت و گوێی لەو تۆمەتانە بووبێت و بە زۆر ناشرینی نەزانێت، من بە ناشرینی دەزانم."

لێکۆڵینەوەکان نزیکەی پێنج مانگیان خایاند و دادوەری گشتی ویلایەتەکە دوو پارێزەری دەرەوەی ویلایەتەکەی بۆ ئەو کارە ڕاسپاردبوو، دوو پاریزەرەکە لەگەڵ 179 کەسدا قسەیان کردووە، لەوانەش کارمەندانی ئێستا و پێشووتری حکومەتەکەی ویلایەتی نیویۆرک و ئەندامانی پۆلیس و کارمەندەکانی دیکەی ویلایەتەکە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG