Accessibility links

ئەمەریکا هاوبەشییەکی نوێ لەگەڵ 50 وڵاتدا ڕادەگەیەنێت بۆ ڕێگریکردن لە پەتاکان لە داهاتوودا


بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن یارمەتی 50 وڵات دەدات نەخۆشی گواستراوە بناسنەوە و وەڵامی بدەنەوە، ئەمەش بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پەتاکانی وەکو ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە ساڵی 2020 دا لە ناکاو ژیانی ئاسایی لە سەرانسەری جیهاندا ڕاگرت.

بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا پشتیوانی لەو وڵاتانە دەکەن، زۆربەی وڵاتەکانیش لە ئەفریکا و ئاسیادان، لە پێناو گەشەپێدان بە پشکنین و چاودێریی و پەیوەندی و ئامادەییەکی باشترەوە بۆ ئەو جۆرە پەتایانە لەو وڵاتانەدا.

بایدن لە بەیاننامەیەکدا وتی ستراتیژییەکە یارمەتیدەر دەبێت لە " ڕێگریکردن و دەستنیشانکردن و وەڵامدانەوەی مەترسییە بایۆلۆجییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر و لە هەر شوێنێک کە سەرهەڵدەدەن."

سەرۆک بایدن وتی ستراتیژی ئاسایشی تەندروستی جیهانی ئامانج لێی پاراستنی هاووڵاتییانە لە سەرانسەری جیهان و " ئەمەریکا بەهێزتر و پارێزراوتر و تەندروستتر دەکات لەم ساتە هەستیارەدا."

ڕاگەیاندنەکە سەبارەت بە ستراتیژییەکە لە کاتێکدایە کە وڵاتان کۆششیان کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە سەرانسەری جیهاندا لەسەر چۆنێتی وەڵامدانەوەی پەتاکان لە داهاتوودا.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن پلانی هەیە ستراتیژییە نوێیەکەی جێبەجێ بکات بۆ ئامادەکردنی جیهان بۆ پەتای دواتر، ئیتر ئەگەر پەیماننامەیەک واژۆ بکرێت یاخود نا.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG