Accessibility links

زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سیدنی


ئوستڕالیا ڕایگەیاند ڕۆژی دووشەممە ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادیکردووە، ئەمەش لەکاتێکدا داخستنی سیدنی کە گەورەترین شاری وڵاتەکەیە، شکستی هێنا لە ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

بەرپرسانی تەندروستی وڵاتەکە وتیان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 112 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ماوەی سێ هەفتەیە شارەکە داخراوە.

ڤایرۆسەکە لە ئێستادا بە سەرانسەری شارەکەدا بڵاوبۆتەوە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی پێنج ملیۆن کەسن.

سەرۆک وەزیری ویلایەتی نیو ساوث وەیڵز گلادیس بریجیکلیان داوای لە دانیشتوانی سیدنی کرد لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و تەنها بۆ کڕینی خۆراک یاخود وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی و ئەنجامدانی وەرزشی ڕۆژانە بچنە دەرەوە.

هەروەها وتیشی " ئەگەر خۆت بخەیتە مەترسییەوە، ئەوا خێزانەکەت دەخەیتە مەترسییەوە، هەروەها هاوڕێ نزیک و هاوبەشەکانیش دەخەیتە مەترسییەوە."

وابڕیارە ڕۆژی هەینی ماوەی داخستنی سیدنی کۆتایی پێبێت، بەڵام بەرپرسان دەڵێن " پێناچێت " داخستنەکە ئامانجەکەی بپێکێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG