Accessibility links

کۆمپانیای ئەسترازێنێکا دەستیکردەوە بە تاقیکردنەوەکانی لەسەر ڤاکسینەکەی بۆ کۆرۆنا


بەپێی بنکەی زانیاری تاقیکردنەوە پـزشکییەکانی یەکێتی ئەوروپا EudraCT ، کۆمپانیای ئەسترازێنێکا بریتانی دەستیکردووەتەوە بە تاقیکردنەوەکانی لەسەر ئەو ڤاکسینەی دروستیکردووە بۆ نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری کۆڤید – 19.

تاقیکردنەوەکان لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستیانپـێکردووەتەوە و لە پاڵ ناوی پـرۆژەکە کە نووسرابوو “temporarily halted” واتە بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە، گۆڕاوە بۆ “restarted” ، واتە دەستیپـێکردووەتەوە.

کۆمپانیای ئەسترازێنێکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند لەلایەن چاودێری سەلامەتی گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە بۆ دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەکان.

ئەم ڤاکسینەی کۆمپانیای ئەسترازێنێکا تاقی دەکاتەوە، لە ئێستادا هیوابەخشترین ڤاکسینە لە نێوان ئەو دەیان ڤاکیسنەی دیکەی لە سەرانسەری جیهان بۆ نەخۆشی کۆڤید- 19 تاقیکردنەوەیان لەسەر دەکرێن.

تاقیکردنەوەکانی کۆمپانیاکە لەسەر ڤاکسینەکە ڕاگیران پاش ئەوەی یەکێک لەوانەی ڤاکسینەکەی لێدرابوو، نەخۆش کەوت. بەڵام لە ئێستادا زاناکان دەڵێن مەرج نیـیە نەخۆشکەوتنی ئەو کەسە پەیوەندی بە ڤاکسینەکەوە هەبێت.

XS
SM
MD
LG