بەگوێرەی هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی یەکەمین بەشە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای وەرگرت کە لەلایەن ئێرانەوە بەرهەم هێندراوە، ئەمە لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران کۆشش دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی فراوانتری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
خامنەئی لە تویتەر گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا " یەکەم بەشە ڤاکسین لە ڤاکسینێکی ئێرانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەردەگرێت کە لەلایەن زانا گەنجەکانی ئێرانەوە پەرەی پێدراوە."
کەناڵی فەڕمی ئێران گرتە ڤیدیۆییەکەی پەخش کرد و وتی خامنەئی یەکەمین بەشە ڤاکسینی " کوو- ئێران بەرەکەت "ی وەرگرتووە کە لەلایەن دامەزراوەی " سیتاد "ی سەر بە دەوڵەتەوە پەرەی پێدراوە.
لە 14 ی مانگی شەشدا لە هەوڵێکدا بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی ڤاکسینەکان لە وڵاتەکەدا، ئێران مۆڵەتی بەکارهێنانی بە ڤاکسینە ناوخۆییەکەدا.
ئێران کۆشش دەکات بۆ هاوردەکردنی ڤاکسینەکان، ئەوەش بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە کە وایکردووە ڕەوانەکردنی پارە لە ئێرانەوە بۆ دامەزراوە بیانییەکان قورس ببێت.
لە سەرەتای مانگی یەکەوە خامنەئی هاوردەکردنی ڤاکسینە بەڕیتانی و ئەمەریکییەکانی قەدەغەکرد و وتی ئەو ڤاکسینانە وڵاتەکە " پیس دەکەن."
سەرچاوە/ فرانس پرێس