سەرچاوە تەندروستیەکانی فەڵەستین بۆ دەزگای هەواڵی فرانس پرێسیان پشتڕاست کردەوە بەرپرسانی فەڵەستین هەڵمەتی پێدانی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا دەستپێکردووە و سەرەتا دراوە بە کارمەندانی تەندروستی، ئەمەش دوای ئەوەی دوو هەزار بەشی لە ڤاکسینی مۆدێرنا لە ئیسڕائیلەوە وەرگرت.
بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ڕایگەیاند دوو هەزار بەشە ڤاکسین لە کۆی ئەو پێنج هەزار بەشەی ئیسڕائیل بەڵێنیدا ڕەوانەی فەڵەستینی بکات گەیشتووە.
یەکەی هەماهەنگی چالاکیەکانی حکومەتی ئیسڕائیل لە ناوچەکاندا لە بەیاننامەیەکدا وتی " یەکەمین بار کە دوو هەزار ڤاکسینی مۆدێرنا لەخۆدەگرێت ڕەوانەی فەڵەستین کراوە تاوەکو بدرێت بە تیمەکانی تەندروستی سەر بە دەسەڵاتی فەڵەستین."
وتیشی " بەیانی ڕۆژی دووشەممە ڤاکسینەکە لەڕێی خاڵی سنووری بیتۆنیاوە گواستراوەتەوە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس