هەزاران خۆپیشاندەر ڕژانە سەر شەقامەکانی ئەمستردام و ناڕەزاییان دژی ئەو ڕێوشوێنانە دەربڕی کە حکومەتی وڵاتەکە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتوونیەتەبەر، هەروەها ناڕەزاییان دەربڕی سەبارەت بە هەڵمەتی کوتانەکان لەکاتێکدا حاڵەتەکانی توشبوون گەیشتۆتە ئاستێکی پێوانەیی لە وڵاتەکەدا.
بەرپرسانی هۆڵەندا لە هەندێک شوێنی شارەکەدا مۆڵەتی ڕاگرتن و پشکنیاندا بە پۆلیس و ژمارەیەکی زۆر لە ئوتومبێلەکانی هێزەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کاری تێکدەرانە بە گەڕەکەکاندا بڵاوکرانەوە، لەو شوێنانەدا کە خۆپیشاندەران پیایدا دەڕۆیشتن.
خۆپیشاندانەکانی دژ بە ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ئەنجام دەدرێن، جوتیارەکانیش بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا کرد و تراکتۆرەکانیان لەبەردەم گۆڕەپانی مۆزەخانەی شارەکەدا ڕاگرت.
خۆپیشاندەران مۆسیقایان لێدا و دژی حکومەت هاوارییان دەکرد و دواتر بەرەو شەقامە گشتیەکان بەڕێکەوتن و هاتوچۆیان ڕاگرت.
لە ماوەی پشووەکانی سەری ساڵدا، هۆڵەندا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی ئەوروپا کە توندترین قەدەغەکردنی هاتوچۆی بۆ ماوەی مانگێک لە وڵاتەکەدا سەپاند.
لەنێوەندی زیادبوونی ناڕەزاییەکانی خەڵکدا، ڕۆژی هەینی سەرۆک وەزیری هۆڵەندا مارک ڕووت دووبارە کردنەوەی دوکان و دەلاک و هەندێکی دیکە لە شوێنە گشتیەکانی ڕاگەیاند، ئەمەش سەرەڕای زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە گەیشتۆتە ئاستێکی پێوانەیی بۆ هۆڵەندا.
دامەزراوەی تەندروستی هۆڵەندا ڕایگەیاند ڕۆژی یەکشەممە زیاتر لە 36,000 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هۆڵەندا تۆمارکراوە، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 3.5 ملیۆن حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هۆڵەندا تۆمارکراوە، 21,000 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش تۆمارکراوە.
لە ناوەڕاستی مانگی دوانزەدا حکومەتی هۆڵەندا فەرمانی قەدەغەکردنی هاتوچۆی ڕاگەیاند، لەکاتێکدا شەپۆلێکی دیکەی جۆری دێڵتای ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕوویکردبووە وڵاتەکە، بڵاوبوونەوەی جۆری دێڵتا لە وڵاتەکەدا بووە هۆی ئەوەی سیستمەکانی تەندروستی تەنها ئەو حاڵەتانە وەربگرن کە پێویستیان بە وەرگرتنی چارەسەری بەپەلە هەبوو.
لەژێر کۆتوبەندی تونددا، ڕۆژی شەممە هەندێک لە دوکان و دەلاک و ساڵۆنەکان ڕێگەیان پێدرا دووبارە بکرێنەوە، بەڵام یانە شەوانەکان و ڕێستۆرانت و شوێنە کلتورییەکان پێیان ڕاگەیەندراوە کە دەبێت لانی کەم تاوەکو 25 ی مانگی یەک بە داخراویی بمێننەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز