Accessibility links

ئەوروپا ڕێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا


Virus Outbreak Germany
Virus Outbreak Germany

ئەڵمانیا ڕێوشوێنەکانی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا توندتر کردەوە لەکاتێکدا ڤایرۆسەکە تا دێت لە ئەوروپادا زیاتر بڵاودەبێتەوە و ڕێوشوێنەکانیش بوونەتە هۆی توڕەبوونی دانیشتوانی سەرجەم کیشوەرەکە.

46 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و نزیکەی 1.2 ملیۆن کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، هاوکات بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئەوروپا و ئەمەریکا نیگەرانیەکانی سەبارەت بە ڕەوشی ئابووری جیهان زیاتر کردووە.

لە هەوڵێکدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زیادبوونی ژمارەی توشبووان لە ئەڵمانیا، ڕاوێژکاری وڵاتەکە ئانگێلا مێرکڵ فەرمانی بە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی داخستن کرد لە ڕۆژی دووشەممەوە تاوەکو کۆتایی مانگ.

لەکاتێکدا هاوڵاتیانی ئەڵمانیا ناچار ناکرێن لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بەڵام باڕ و قاوەخانە و چێشتخانە و شانۆکان و هۆڵەکانی سینەما دەبێت دابخرێن.

لەلایەکی دیکەوە بەڕیتانیا ئامادەکاری دەکات بۆ دووبارە کوارەنتینکردنی هاوڵاتیانی، بە هەمان شێوەی نەمسا و فەڕەنسا و ئێرلەندا. زۆرێک نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەسەر ئەو زیانە ئابوورییەی پێیان دەگات بەهۆی ئەو کوارەنتینەوە کە ماوەی چوار هەفتە دەخایەنێت و لە ڕۆژی پێنجشەممەوە دەست پێدەکات.

لە بەلجیکاش یاساکانی داخستن توندتر دەکرێنەوە کە بەپێی ژمارەی دانیشتوانەکەی زۆرترین ژمارەی توشبووان لە وڵاتەکەدا تۆمار دەکات، پورتوگالیش لە ڕۆژی چوارشەممەوە بەشێکی وڵاتەکە دادەخات.

هەروەها سەرۆک وەزیری فەڕەنسا ژان کاستیکس وتی دوکانە ناپێویستەکان دادەخرێن، ئەوەش لەپێناو پاراستنی دوکانە بچووکەکاندا کە ناچارکراون دابخرێن.

لەلای خۆیەوە ئیسپانیا قەدەغەکردنی هاتوچۆی شەوانەی لە وڵاتەکەدا ڕاگەیاندووە، لەکاتێکدا سەرجەم ناوچەکانی سنوورەکانیان داخستووە.

واپێشبینی دەکرێت حکومەتی ئیتاڵیا ڕۆژی دووشەممە ڕێوشوێنی نوێ ڕابگەیەنێت، لەکاتێکدا وەزیری تەندروستی وڵاتەکە داوای داخستنی گشتی وڵاتەکە دەکات.

ئەم ڕێوشوێنە نوێیانەی لە ئەوروپا گیراونەتەبەر بوونەتە هۆی توڕەبوونی خەڵکەکە و بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لە وڵاتانی ئەوروپادا، بۆ شەوی دووەم پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەرانی ئیسپانیا و هێزەکانی ئاسایشدا ڕوویدا و بەپێی لێدوانەکانی پۆلیس خۆپیشاندانەکان بوونەتە هۆی کاری تێکدەرانە و ئاگرکەوتنەوە لە هەندێک ناوچەدا.

هەروەها لە کۆمەڵێک لە شارەکانی ئیتاڵیا کردەوەی توندوتیژی ڕوویانداوە و بە هەمان شێوە لەمدواییانەدا لە براگی پایتەختی چیک هەمان شت ڕوویداوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG