Accessibility links

کالیفۆرنیا گردبوونەوە و چالاکیە ناپێویستەکان قەدەغە دەکات


فەرمانڕەوای کالیفۆرنیا ڕایگەیاند گردبوونەوە و چالاکییە ناپێویستەکان لە سەرجەم ئەو ناوچانەی ویلایەتەکە قەدەغە دەکرێن کە دەکرێت ڤایرۆسی کۆرۆنا تیایاندا بڵاوببێتەوە و ببێتە هۆی دروستبوونی قورساییەکی زۆر بەسەر نەخۆشخانەکانەوە.

فەرمانڕەوای ویلایەتی کالیفۆرنیا گاڤن نیوسەم وتی ئەم ڕێوشوێنە نوێیە لەو ناوچانەدا جێبەجێ دەکرێت کە یەکەکانی چاودێری ورد بە ڕێژەی زیاتر لەسەدا 85 پڕبوون، ئەوەش شتێکە دەکرێت لە ماوەی " ڕۆژێک یان دوو ڕۆژدا لە هەندێک لە ناوچەکانی ویلایەتەکە ڕووبدات."

نیوسەم وتیشی تەنانەت سان فرانسیسکۆش دەکرێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکی دیکەدا بگاتە ئەو حاڵەتە.

بەپێی ڕێوشوێنە نوێیەکە، گردبوونەوە و گواستنەوە و خزمەتگوزارییە ناپێویستەکان قەدەغە دەکرێن. لە هەمان کاتدا باڕەکان دادەخرێن و چێشتخانەکانیش دەتوانن تەنها گەیاندنیان هەبێت.

هەروەها ئۆفیسەکانیش کە دەبێت بەداخراوەیی بمێننەوە، تەنها ئەو شوێنانە دەکرێنەوە کە ناکرێت کارمەندەکانی لە دوورەوە کار بکەن.

نیوسەم جەختی لەوە کردەوە " ئەگەر نەجوڵێین ئەوا نەخۆشخانەکانمان هیلاک دەبن، ژمارەی ئەو توشبووانەی ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون لە ماوەی تەنها 14 ڕۆژدا لەسەدا 86 زیادیکردووە، هەروەها ژمارەی ئەو توشبووانەی دەخرێنە یەکەکانی چاودێری وردەوە لە ماوەی ئەو 14 ڕۆژەدا بەڕێژەی لەسەدا 67 زیادیکردووە."

ڕێوشوێنەکان لانی کەم بۆ ماوەی " سێ هەفتە بەردەوام دەبن " و تاوەکو قورساییەکانی سەر یەکەکانی چاودێری ورد کەم نەبنەوە ئەو ڕێوشوێنانە لانابرێن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG