Accessibility links

کێشەی نوێ ڕووبەڕووی ڤاکسینی ئاسترازینیکا دەبێتەوە


ئێرلەندا بووە پێنجەمین وڵات بەکارهێنانی ڤاکسینی ئاسترازینیکا ڕادەگرێت، ئەوەش بەهۆی ترس و نیگەرانیەکان لەسەر ئەوەی گوایە ڤاکسینەکە وەرگرەکە توشی جەڵتەی خوێن دەکات، ئەمەش لە کێشەیەکی نوێدا کە ڕووبەڕووی تاقیگەی سویدی-بەڕیتانی بۆتەوە کە بەهۆیەوە ناتوانێت ئەو بڕە ڤاکسینەی بەڵێنیداوە ڕادەستی یەکێتی ئەوروپای بکات.

هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێک وڵات لەوانە دانیمارک و نەرویج و بولگاریا بەکارهێنانی ڤاکسینەکەیان ڕاگرت کە کۆمپانیایەکی گەورەی دەرمانی سویدی-بەڕیتانی بەرهەمی دەهێنێت، ئەوەش بەهۆی ترس و نیگەرانیەکان لەسەر ئەوەی گوایە ڤاکسینەکە وەرگرەکە توشی جەڵتەی خوێن دەکات.

بەڵام ڕێکخراوی تەندروستی جیهان جەختی لەوە کردەوە هێشتا هیچ پەیوەندییەک نەدۆزراوەتەوە لە نێوان وەرگری ڤاکسینەکە و توشبوون بە جەڵتەی خوێن. لەبەر ئەوە کۆمپانیای خاوەن ڤاکسینەکە و دەزگای دەرمانی ئەوروپا ڕایانگەیاند ڤاکسینی ئاسترازینیکا پارێزراوە.

وتەبێژی ئاسترازینیکا وتی " 17 ملیۆن بەشە ڤاکسین بەکارهاتووە و ئەو زانیاری و شیکارییانەی لەسەریان وەرگیراوە هیچ بەڵگەیەکیان دەرنەخستووە لەسەر زیادکردنی مەترسی توشبوون بە جەڵتەی خوێن."

ڤاکسینی ئاسترازینیکا بە هەرزانترین ڤاکسین دادەنرێت و یەکێکە لە بەربڵاوترین ڤاکسینەکان، هەروەها لەڕێی دەستپێشخەری کۆڤاکسەوە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پشتیوانی دەکات و ئامانج لێی دابینکردنی ڤاکسینە بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر وڵاتاندا، دراوە بە هەژارترین وڵاتانی جیهانیش.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئیرلەندا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " پڕۆسەی پێدانی ڤاکسینی ئاسترازینیکای دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیراوە."

بەپێی داتاکان، تاوەکو ئێستا نزیکەی 570 هەزار بەشە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێرلەندا بەکارهاتووە، 109 هەزاریان لە ڤاکسینی ئاسترازینیکا بووە.

یاریدەدەری باڵای بەرپرسانی تەندروستی ئیرلەندا ڕۆنان گلین لە بەیاننامەیەکدا وتی " هێشتا هیچ پەیوەندییەک نەبیندراوە لەنێوان ڤاکسینی ئاسترازینیکا و حاڵەتەکانی جەڵتەی خوێن، ئەم ڕێوشوێنەش گیراوەتەبەر، چاوەڕێی ئەوە دەکەین زانیاری زیاترمان پێبگات."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG