فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ' سێنتکۆم ' ڕایگەیاند، کە فەرماندەیەکی سەربازیی ئێران لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا چەندین بانگەشەی '' ناڕاستی '' سەبارەت بە هێزەکانی ئەمەریکا خستووەتە ڕوو:
سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس چەند بانگەشەییەکی ئێرانی بە درۆ خستەوە و دەڵێت، فەرماندەییەکی سەربازی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات گوایە سوپای ئەمەریکا دوو کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی دزیوە و هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە کاتێکدا سەربازانی ئەمەریکا لەسەر کەشتییەکان خەوتبوون، کەشتییەکانی کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە.
بەڵام سینتکۆم ئەم بانگەشەیەکی بە درۆخستەوە و ڕاستیەکەی خستەڕوو کە ئێران چیتر هێزی دەریایی نییە. تەواوی ئەو دۆخەی فەرماندە سەربازییەکەی ئێران باسی کردووە، درۆیەکی دیکەی هەڵبەستراوە.
یەکێک لە بانگەشەکانی دیکە گوایە هێزە دەریاییەکانی ئێران لە یەکەم ڕۆژی ' ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی"دا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری '' یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن CVN 72 '' ی پێکاوە، ئەمەش هێزەکانی ئەمەریکای ناچار کردووە داوای هاوکاری لە وڵاتانی ناوچەکە بکەن بۆ پشتیوانیی چۆڵکردن.
بەڵام سینتکۆم ئەم بانگەشەیە بە درۆ دەخاتەوە و نوسیویەتی" گرووپی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی '' ئەبراهام لینکن '' بە باشی پارێزگارییان لێ دەکرا و لە ئەنجامدا هەرگیز لەلایەن ئێرانەوە نەپێکراون. لە ڕاستیدا، گرووپەکە ئەرکێکی جەنگیی سەرکەوتووی مێژوویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەواو کرد و مانگی ڕابردوو بە پارێزراویی گەڕایەوە بۆ ئەمەریکا.
لە بانگەشەیەکی تردا گوایە سێنتکۆم بڕی 2.5ملیۆن دۆلار لەو کەشتییانە وەردەگرێت کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن.
فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا سەبارەت بەم بانگەشەییە دەڵێت، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا تەنگەی هورمزیان لە ژێر کۆنترۆڵدایە، هیچ باج و سەرانەیەک لەو کەشتییانە وەرناگیرێت کە تێدەپەڕن. هەوڵەکانی سێنتکۆم ئازادیی دەریاوانی لەو ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەدا گەڕاندووەتەوە. هەزاران کەشتی و ملیاران بەرمیل نەوتی خاو بە شێوەیەکی ئازاد و پارێزراو لە ژێر پاراستنی ئەمەریکادا بە تەنگەکەدا تێپەڕیون، ئەمە سەرەڕای دەستدرێژییە بێ پاساوەکانی ئێران.