سێنتکۆم: کەشتییەکی بازرگانیمان لە کەنداوی عومان لەکارخست

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمەریکا کەشتییەکی بازرگانییان لە کەنداوی عومان لەکار خستووە، دوای ئەوەی ستافی کەشتییەکە سەرەڕای چەندین هۆشداری هەوڵی بەزاندنی گەمارۆی دەریایی ئەمەریکایان داوە.

سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە، 26ـی یازدەی 2026، فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا هێرشی کردە سەر بەشی دواوەی کەشتییەکی بازرگانی بە ناوی 'پاسیفیک ئەرچەر،' کە ئاڵای دوورگەی پاڵاوەی هەڵکردبوو و لە بەندەرەکانی ئێرانەوە بەرەو عومان بەڕێوە بوو.

بەپێی بەیاننامەکە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا سیستەمی جووڵەی کەشتییەکە لە کار خراوە، بەڵام هیچ زیانێک بە ستافە مەدەنییەکەی نەگەیشتووە.

کەشتییەکە دوای بەجێهێشتنی بەندەرعەباسی ئێران، هەوڵی تێپەڕینی بە ئاوەکانی ناوچەکەدا دابوو.

سێنتکۆم جەختی کردووەتەوە کە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی توندوتۆڵی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران.

بەپێی ئامارەکانی سێنتکۆم، تا ئێستا هێزەکانی ئەمەریکا ڕێڕەوی 158 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە کە پابەندی ڕێنماییەکان بوون، هەروەها شەش کەشتییان لە کار خستووە کە ڕەتیان کردووەتەوە پابەندی ڕێنماییەکان بن.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا داوا لە هەموو دەریاوەنان دەکات کە لە کەنداوی عومان و ڕێڕەوە دەریاییەکانی بەرەو تەنگەی هورمز چالاکی دەکەن، گوێ لەو هۆشدارییانە بگرن کە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە سەبارەت بە گەمارۆ دەریاییەکە دەدرێن.

XS
SM
MD
LG