تۆم کاتن: ململانێی ئێران دەبێ بە سەرکەوتن کۆتایی بێت

تۆم کاتن، سیناتۆری کۆماری ویلایەتی ئەرکانسا، دەڵێت ململانێی ئێران نابێت تەنها کۆتایی پێبێت، بەڵکو دەبێ بە سەرکەوتن کۆتایی پێبێت.

کاتن، رۆژی هەینی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز وتی ئیدارەی ترامپ هەنگاوێکی هەڵگرتووە بۆ ڕێگریکردن لە دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیکی. کاتن وتی پێویستە ئەم فشارانە بەردەوام بن تاوەکو ئێران نەتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی دووبارە بنیات بنێتەوە. "نابێت تەنها شەڕەکە کۆتایی پێ بێنین، دەبێت بە سەرکەوتن کۆتایی پێبێنین. من لە زستانی ڕابردووەوە بەردەوام ئەم هەڵوێستەم هەبووە."

لێدوانەکانی کاتن لە کاتێکدا هاتن کە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە، بە 51 دەنگی دژ بەرامبەر 48 دەنگی پشتیوان، پڕۆژە بڕیارێکی ڕەتکردەوە کە ئامانجی سنووردارکردنی دەسەڵاتی سەرۆک دۆناڵد ترامپ بوو بۆ بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران. نزیکەی هەموو سیناتۆرە دیموکراتەکان پشتیوانییان لە پڕۆژە بڕیارەکە کرد.

ئەو سیناتۆرە کۆمارییە رەخنەی لە هەڵوێستی دیموکراتەکان گرت و وتی،" بەردەوام دەڵێن پێویستە شەڕی ئێران کۆتایی پێبێت، بەڵام هیچ پلانێکیان نییە بۆ ئەوەی ئەم شەڕە ببەنەوە. وادیارە تەنها دەیانەوێت ئاڵای سپی بەرز بکەنەوە و ڕێگا بدەن ڕژیمی تیرۆریستی و توندڕەوی ئێران بەردەوام بێت لە هەڕەشەکردن لەسەر بنکەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەو کۆنترۆڵی گەرووی هورمز و ڕێڕەوی نەوتی جیهانی لەدەست بگرن."

کاتن ئاماژەی بە گەمارۆ و فشارە ئابوورییەکانی ئەمەریکا کرد و وتی ئەم هەنگاوانە بوونەتە هۆی سنووردارکردنی دەستیگەیشتنی ڕژیمی ئێران بە دراوی بیانی. هەروەها وتی کە گەرووی هورمز کراوەیەوە و برێکی زۆر نەوت دەگاتە بازاڕەکانی جیهان.

تۆم کاتن لە مانگەکانی ڕابردووشدا چەندین جار هەڵوێستی توندی لە دژی کۆماری ئیسلامی دەربڕیوە. ئەو پێشتری جەختی لەسەر ئەوە کردبووەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازی و گەمارۆکانی ئەمەریکا زیانێکی گەورەیان بە توانای سەربازی و ئابووری ئێران گەیاندووە و داوای بەردەوامبوونی فشارەکان کردبوو.

لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا کاتن ڕایگەیاند "خەڵکی ئێران شایستەی ئایندەیەکی باشترن"، و جەختی لەوە کردەوە کە گۆڕان لە ئێران نەک تەنها بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە، بەڵکو بۆ سەقامگیریی ئەمەریکا و جیهانیش سودبەخش دەبێت.

XS
SM
MD
LG