سیناتی ئەمەریکا جارێکی تر پڕۆژە بڕیاری سنوردارکردنی دەسەڵاتی جەنگیی سەرۆک ترامپی ڕەتکردەوە

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە، بە 51 دەنگی دژ بەرامبەر بە 48 دەنگی پشتیوان، پڕۆژە بڕیارێکی ڕەتکردەوە کە ئامانج لێی سنووردارکردنی دەسەڵاتی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بوو بۆ بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

پڕۆژە بڕیارەکە پێشتر لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاوە پەسەند کرابوو.

لە دەنگدانەکەدا، سێ سیناتۆری کۆماری، سوزان کۆڵینز لە ویلایەتی مەین، لیزا مەرکاوسکی لە ئەلاسکا و ڕاند پۆڵ لە کێنتاکی، لەگەڵ نزیکەی هەموو سیناتۆرە دیموکراتەکان پشتیوانییان لە پڕۆژە بڕیارەکە کرد. ئەو سێ سیناتۆرە پێشتریش پشتیوانییان لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران دەکرد.

جۆن فێتەرمان، سیناتۆری دیموکراتی ویلایەتی پێنسلڤانیا، تاکە دیموکرات بوو کە دژی پڕۆژە بڕیارەکە دەنگی دا. هەروەها ئەندامێکی تری دیموکرات، کرس مێرفی، کە تەندروستی تێکچووە، ئامادەی دەنگدانەکە نەبوو.

لە بەرامبەردا، تۆم تیلیس، سیناتۆری کۆماریخوازی ویلایەتی کارۆلینای باکوور، کە لە مانگی نۆدا پشتیوانیی لە پرۆژە بڕیارێکی هاوشێوە کردبوو، ئەم جارە دژی پڕۆژە بڕیارەکە دەنگی دا.

ئەم پڕۆژە بڕیارە لە ژێر ڕۆشنایی 'یاسای دەسەڵاتی جەنگ' دایە، و زیاتر بە هەنگاوێکی سیاسی و ڕەمزی دادەنرێت.

ئەمە یەکەم دەنگدانی سینات بوو سەبارەت بەم پرسە دوای هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ڕۆژی 3ـی یازدەی 2026.

XS
SM
MD
LG