بەڕێوەبەری هەواڵگریی ئەمەریکا: هەڕەشەکانی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە

جەی کڵەیتن، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی ئەمەریکا، ئەمڕۆ بە یاسادانەرانی ڕاگەیاند کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەمەریکاییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات "بەشێوەیەکی بەرچاو" زیادیانکردووە.

کڵەیتن لەبەردەم لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا وتی، "ئێمە پابەندین بە ئاشکراکردن و بەرپێگرتن و بەرەنگاربوونەوەی پیلانگێڕییە کوشندەکانی ئێران لەدەرەوە و ناوەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان."

هەروەها وتیشی، "ئەم هەڕەشانە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە. ژنان و پیاوانمان لە دەرەوەی وڵات و لەناو وڵاتیش لە ژێر هەڕەشەی گەورەتردان."

ئەم وتانەی کڵەیتن لە کاتێکدان کە ڕۆژی سێشەممە دادگایەکی فیدراڵی لە نیویۆرک هاووڵاتییەکی بەڕەگەز پاکستانی بە ناوی عاسف مێرچانت بە 27 ساڵ و نیو زیندانی سزا دا، دوای ئەوەی لەدادگاییەکدا کە مانگی سێی ئەمساڵ بەڕێوەچوو تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی و پلاندانان بۆ کوشتنی بەرپرسانی ئەمەریکا بە ڕێنمایی سوپای پاسدارانی ئێران، بەسەریدا سەپا.

دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکاش لە کاردانەوەیدا بەرامبەر ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ئەگەری پلاندانانی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشێک بە 'بۆمبی پیس' یان چەکی کیمیایی لە واشنتنی پایتەخت، هۆشداری دا کە ئەگەر هێرشێکی لەو جۆرە ڕووبدات، ئێران باجێکی بێوێنە دەدات.

لێدوانەکەی ترامپ دوای ئەوە هات کە تۆڕی سی ئین ئین ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە کە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکەن ئێران پلانی هێرشکردنە سەر بەرپرسانی باڵای بەڕێوەبەرایەتی ترامپی هەیە لە پایتەختی ئەمەریکا، بە بەکارهێنانی بۆمبێکی تیشکدەرەوە، کە بە 'بۆمبی پیس' ناسراوە، یاخود بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.

XS
SM
MD
LG