دادگایەکی فیدراڵی لە نیویۆرک ڕۆژی سێشەممە، هاووڵاتییەکی بەڕەگەز پاکستانی بە ناوی عاسف مێرچانت بە 27 ساڵ و نیو زیندانی سزا دا، دوای ئەوەی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی و پلاندانان بۆ کوشتنی بەرپرسانی ئەمەریکا بە ڕێنمایی سوپای پاسدارانی ئێران تاوانبار کرا.
بە گوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دادی ئەمەریکا، هەر یەک لە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، و نیکی هەیلی، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئامانجە ئەگەرییەکانی پیلانەکە بوون.
پێشتر عاسف مێرچانت لە مانگی سێی ساڵی 2026ـدا لە لایەن دەستەیەکی دادوەری فیدراڵییەوە بە تاوانبار ناسێنرا و ڕووبەڕووی ئەگەری سزای زیندانی هەتاهەتایی بووبووەوە. بەڵام وەزارەتی داد دوێنێ سزاکەی بڵاو کردەوە، کە بریتییە لە 330 مانگ زیندانیکردن.
ئێریک کۆمیتی، دادوەری دادگای فیدراڵی لە بروکلین، لە کاتی ڕاگەیاندنی سزاکەدا گوتی، "ئەمە تاوانێکی زۆر قورس و نموونەیەکی زەقی توندوتیژیی تیرۆریستی بوو."
هەروەها گوتی، "هیچ تاوانێک لە کوشتنی بەئەنقەستی سەرۆکی ئەمەریکا یان بەرپرسەکانی دیکەی ئەمەریکا مەترسیدارتر نییە."
دادوەرەکە دەستوەردانی ئێرانی بە هۆکارێکی قورسکردنی تاوانەکە دانا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە لەلایەن ئێرانەوە نامۆ نییە، چونکە "ئێران گەورەترین سپۆنسەری تیرۆرە لە جیهاندا."
وردەکارییەکانی پیلانەکانی کوشتن
بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا، عاسف مێرچانت هاتووەتە ئەمەریکا بۆ دۆزینەوەی هاوکار و بەکرێگرتنی بکوژان، بە ئامانجی کوشتنی کەسایەتییەکی سیاسی، دزینی بەڵگەنامە لە ماڵی ئامانجێک و ڕێکخستنی خۆپیشاندانێک بۆ سەرنجلادان لە دوای ئەنجامدانی کوشتنەکە.
عاسف مێرچانت لە کاتی دادگاییکردنەکەیدا دانی بەوەدا ناوە کە بووەتە ئەندامی سوپای پاسداران و لەلایەن کەسێکی ئەو ڕێکخراوەوە بۆ ئەنجامدانی پیلانەکە ڕاسپێردراوە.
بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکە، عاسف مێرچانت پەیوەندیی بە کەسێکەوە کردبوو لە ئەمەریکا بۆ یارمەتی، بەڵام ئەو کەسە لە ڕاستیدا سەرچاوەیەکی نهێنیی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا بووە.
ئەو سەرچاوەیە، کە بە ناوی خوازراوی 'نەدیم عەلی' ناسێنراوە، عاسف مێرچانتی بە دوو کەسی دیکە ناساندووە کە خۆیان وەک بکوژی بەکرێگیراو نیشان داوە، بەڵام لە ڕاستیدا بریکاری نهێنیی ئێف بی ئای بوون.
عاسف مێرچانت پێنج هەزار دۆلاری وەک پارەی پێشەکی بە هەریەک لەو دوو کەسە داوە.
لە کاتی دادگاییکردنەکەیدا، عاسف مێرچانت بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە ترسی زیانگەیاندن بە هاوسەر و منداڵەکەی لە ئێرانەوە، ناچار بووە پیلانەکە جێبەجێ بکات.
بەڵام داواکاری گشتی ئەو بانگەشەیەی ڕەتکردەوە و گوتی هیچ بەڵگەیەک نییە کە نیشان بدات عاسف مێرچانت لە ئەنجامی ترسی زیانگەیاندن بە خێزانەکەیەوە ئەو کارەی کردووە.
دادوەری کەیسەکەش گوتی بەڵگەکان ڕوونن کە عاسف مێرچانت خۆی پاڵنەرێکی بەهێزی بۆ زیانگەیاندن بە ئەمەریکا هەبووە.
بەڵگەکانی دادگا
داواکاری گشتی ئاماژەی بە بڵاوکراوەکانی عاسف مێرچانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، لەوانە وێنەیەکی ترەمپ بە "سەربڕاوی" لەگەڵ دەستەواژەکانی "بەم زووانە" و "تۆڵەیەکی توند."
هەروەها بەڵگەکانی دادگا ئەوەیان نیشان داوە کە عاسف مێرچانت لە ساڵی 2024ـدا بەدواداچوونی بۆ شوێن کۆبوونەوەکانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ترامپ کردووە و بۆ ناونیشانی لانیکەم یەکێک لەو شوێنانە لە گووگڵ ماپسدا گەڕاوە.
بەپێی داواکاری گشتی، عاسف مێرچانت بۆ شاردنەوەی پیلانەکە کۆمپانیایەکی بازرگانیی جلوبەرگی دامەزراندبوو و وشەکانی پەیوەست بە جلوبەرگی وەک کۆدی نهێنی بەکاردەهێنا.
بۆ نموونە، "تیشێرت" بە مانای خۆپیشاندان، "کراسی فلانێل" بە مانای دزی و "چاکەتی فلیس" بە مانای ئەنجامدانی کوشتن هاتووە.
پارێزەری عاسف مێرچانت، کریستۆفەر نێف، بانگەشەی ئەوەی کرد کە پیلانەکە ئەگەری سەرکەوتنی زۆر کەم بووە، چونکە سوپای پاسداران عاسف مێرچانت بۆ کوشتنی کەسایەتییەکی سیاسیی پارێزراو ناردووە، بەبێ ئەوەی سەرچاوە و ئامرازە پێویستەکانی پێ بدات.
بەڵام داواکاری گشتی ئەو بۆچوونەی ڕەتکردووەتەوە و گوتویەتی پیلانەکە لەگەڵ شێوازی کارکردنی سوپای پاسداراندا دەگونجێت.
عاسف مێرچانت لە 12ـی حەوتی 2024 دەستگیر کرا، تەنها ڕۆژێک پێش هەوڵی تیرۆرکردنی ترامپ لە شاری بەتلەر لە ویلایەتی پەنسلڤانیا.
بەپێی بەڵگەکانی دادگا، کاتێک عاسف مێرچانت لە هەوڵەکەی کوشتنی ترامپ ئاگادار کرایەوە، گوتوویەتی ئەوە هەمان شت بووە کە ئەو بۆ ئەنجامدانی نێردرابوو.
پارێزەرەکەی تانە لە بڕیارەکە دەدات
تۆد بلانش، وەزیری دادی ئەمەریکا، دوای ڕاگەیاندنی سزاکە گوتی وەزارەتی داد ڕێگە بە پلانە تیرۆریستییە بیانییەکان دژی سەرکردەکانی ئەمەریکا نادات و بەدواداچوون دەکات تا بەرپرسانیان ڕووبەڕووی دادپەروەری ببنەوە.
لە بەرامبەردا، کریستۆفەر نێف، پارێزەری عاسف مێرچانت، ڕایگەیاند کە لە بڕیاری دادگا و ماوەی سزاکە ناڕازین و تانەی لێدەدەن، بەڵام سوپاسی دادوەرەکەی کرد کە سزای زیندانی هەتاهەتایی نەسەپاندووە.
ئێران پێشتر هەر جۆرە پلاندانانێکی بۆ کوشتنی ترامپ یان بەرپرسە باڵاکانی دیکەی ئەمەریکا ڕەتکردووەتەوە.