Accessibility links

ڕوبیۆ: سەرۆک ترامپ هەرچەندە ئاشتی پێ باشترە بەڵام ئامادەیە بۆ هێرشی نوێ

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مارکۆ ڕوبیۆ، ڕایگەیاند دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئاشتی پێ باشترە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەیە بۆ هێرش دژی ئێران.

مارکۆ ڕوبیۆ، لە پەراوێزی لوتکەی گرووپی 20 لە شاری ئەتلەنتا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند" پێموایە بۆچوونی سەرۆک ئەوەیە کە ئەمەریکا وەک بەهێزترین هێزی سەربازی لەسەر زەوی دەمێنێتەوە و ئەگەر بمانەوێت، دەتوانین ئامانجە سەربازییەکان بەدی بهێنین."

ڕوبیۆ، لە درێژەی قسەکانیدا کە شەوی یەکشەممە لە میدیاکاندا بڵاوبوویەوە، ئاماژەی بەوە کرد " سەرۆک هێشتا بڕیارێکی نەداوە بەڵام پێی باشترە کێشەکە بە شێوەیەکی دیپلۆماسی چارەسەر بکات. لەکاتێکدا پێموایە سەرۆک زۆر دڵنیایە لەوەی ئەگەر کردەوەی سەربازی پێویست بێت، ئێمە توانای ئەنجامدانی ئەو کارەمان هەیە، ئێمە لە ئێستاوە هەموو شتێکی پێویستمان هەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، بەڵام پێمان باشە بە شێوەیەکی ئاشتیانە ئەنجامی بدەین."

سەرۆکی ئەمەریکا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە چالاکییەکی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان لە ویلایەتی کانزاس، بە ئاماژەدان بە باڵادەستی سەربازیی ئەمەریکا بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا، وتی، ناڵێم ئەمە شەڕی ئێمە و ئەوانە، چونکە ئێمە ئەوەندە کۆنترۆڵمان بەسەریاندا هەیە کە تەنانەت دادپەروەرانەش نییە ئەوە بڵێین. وتیشی" دەتوانین لە هەر کاتێکدا لەناویان ببەین، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین کەمێک نەرمتر مامەڵە بکەین."

ترامپ دواتر وتی" تەنها پێویستە بڕیار بدەین بۆ ئەوەی لەناویان ببەین و بەوەش هەموو شتێک کۆتایی دێت."

سەرۆک ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو ئەمەریکا هەتا دوای هەڵبژاردنی مانگی یازدە، هێرشێکی نوێ لە دژی ئێران دەست پێناکات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG