Accessibility links

دۆناڵد ترامپ دەڵێت ڕەنگە پێویست بکات گورزێکی قورس لە ئێران بدرێت

لە کاتێکدا کە دەوترێت نێوەندگیرانی ناوچەیی هەوڵی پێشگرتن لە شەڕێکی نوێ لە نێوان تاران و واشنتن دەدەن، دۆناڵد ترامپ شەوی دووشەممە ڕایگەیاند ڕەنگە پێویست بێت گورزێکی قورس لە کۆماری ئیسلامی ئێران بدرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا لە گردبوونەوەیەکی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا لە ویلایەتی ئایۆوا وتی "تەنها هۆکارێک کە کاری ئێرانم یەکلا نەکردووەتەوە ئەوەیە کە دەمەوێت جارێ کاتیان بدەمێ و دەمەوێت ئەگەر بتوانم، ژیانی مرۆڤەکان بپارێزم، بەڵام هەندێجار ناچار دەبین گورزێکی قورسیان لێبدەین."

دۆناڵد ترامپ لە وتارەکەیدا لێدوانەکانی پێشووی دووپاتکردەوە کە شەڕ لەگەڵ ئێران زۆر ناخایەنێت و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا لە ڕووی سەربازی و داراییەوە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و بەم زووانە ڕووبەڕووبوونەوەکە "بە شێوەیەک لەشێوەکان کۆتایی دێت."

سەرۆک ترامپ وتی "من وڵاتەکەمانم لە گەورەترین پشتیوانی تیرۆر لە جیهاندا پاراستووە. لە ساڵی 1979ەوە هێرش دەکەنە سەرمان، سەدان گەنجمان کوژراون و زۆری تریش بەهۆی بۆمبی کەناری ڕێگاکانەوە کوژراون. ئێمە ئەم شەڕەمان دەستپێنەکرد، بەڵام تەواوی دەکەین."

سەرۆکی ئەمەریکا ئەم قسانەی چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی ڕایگەیاند کە وتی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بە باشی بەڕێوە دەچێت و هەروەها وتیشی هێشتا یەک یان دوو ئامانج لە نێویاندا دامەزراوەی ئەتۆمی کولەنگ گەزلا ماوە کە پێویستە هێرشیان بکرێتەسەر.

دانوستانەکانی ئێران لەگەڵ نێوەندگیرانی قەتەر بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە بەردەوام بوو. دانوستانەکان ڕۆژی هەینی لە تاران دەستی پێکرد و دواتر لە دەوحە درێژەی هەبوو.

دۆناڵد ترامپ لە لێدوانە نوێیەکەیدا هەڵوێستەکانی پێشووی خۆی سەبارەت بە لەناوبردنی دەسەڵاتی سەربازی ئێران دووپاتکردەوە، هاوکات هەوڵێکی بۆ دۆزینەوەی کەسێک لە پێکهاتەی سەرکردایەتی حکومەتی ئێران بۆ دانوستان ڕاگەیاند.

وتی "زۆر بە توندی لێیان دراوە، ئیتر ڕاداریان نەماوە، نە بەرگری ئاسمانی، نە چەک، سەرکردایەتییان نییە، هەوڵدەدەم کەسێک بدۆزمەوە کە بتوانم قسەی لەگەڵ بکەم، بەڵام کەس نییە."

This item is part of
XS
SM
MD
LG