نرخی نەوت ڕۆژی سێشەممە دابەزی دوای ئەوەی وەزیری وزەی سعودیە زیادکردنی هەناردەی نەوتی بە بۆری ڕۆژهەڵات - رۆژئاوادا ڕاگەیاند کە لە دەریای سورەوە دەنێردرێتە دەرەوە و بڕەکەی گەیشتووەتە 5.8 ملیۆن بەرمیل.
ئەو بۆرییە لە هێرشێكی 10ـی مانگی نۆدا زیانی پێگەیشت. هەرچەندە هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام حوسییەکانی یەمەن و میلیشیاکانی عێراق کە نزیکن لە ئێران بە هێرشەکە تۆمەتبار دەکرێن.
کۆمپانیای کپلەر کە چاودێریی هاتوچۆی دەریایی دەکات دەڵێت هەناردەکردنەکانی نەوتی سعودیە لە کۆبەندەرەکانی دەریای سور بەردەوامی دەردەخەن لەدوای هێرشەکەدا."
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 97.56 دۆلار بوو، لە کاتێكدا نەوتی خۆرئاوای تەکساس 87.50 دۆلار بوو. هەردووکیان لە مانگی نۆدا 100 دۆلاریان تێپەڕاند کە بەرزترین نرخی ئەو مانگە بوو.
دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە پێشبینی کرد شەڕ لەگەڵ ئێران "زۆر بەخێرایی کۆتایی دێت و نرخی نەوتیش هاڕەدەکات." هەروەها وتیشی کە بەرزیی نرخی نەوت "قوربانییەکی کەمە کە دەیدەین تاوەکو جیهان بە سەلامەتی بمێنیتەوە" لە ئاست ئەگەری هەبوونی چەکی ئەتۆمی لە دەستی ئێراندا.
ترامپ لە وتەیەکیدا لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان لە نیبراسکا وتی، "ئێمە لە ئێستادا بە بەراورد بە پێش شەڕ، نەوتی زیاتر بە تەنگەکەدا دەرباز دەکەین."