شی جینپینگ سەرۆکی چین ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی بە سەرۆک ترامپ و بەرپرسانی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە حکومەتەکەی دوو پاندا وەکوو ''نێردەی هاوڕێیەتی'' بە دیاری دەبەخشێتە باخچەی ئاژەڵانی ئەتڵانتا.
سەرۆکی چین و شاندی یاوەری بە سەردانێکی سێ ڕۆژە لە واشنتنی پایتەخ. لەلایەن ئیدارەی سەرۆک ترامپەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، بە شێوەیەک کە لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەگمەنە.
بەخشینی ئەو دوو پاندایە دوای ئەوە هات کە باخچەی ئاژەڵانی ئەتلانتا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زانستی هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی پاراستنی ئاژەڵانی کێوی لە چین دەکات. وەکوو بەشێک لە ڕێککەوتنەکەیان، ڕێکخراوە چینییەکە پاندایەکی نێرینە بە ناوی پینگ پینگ و پاندایەکی مێیینە بە ناوی فوو شوانگ دەنێرێتە باخچەکە.
سەرۆکی چین شی جینپینگ ڕایگەیاند کە لە 'ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا' هەردوو پانداکە دەگەنە باخچەی ئاژەڵانی ئەتلانتا و بە دیداری ئەمەریکاییەکان شاد دەبن.
بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵانی ئەتلانتا، ڕایمۆند کینگ، لە لێدوانێکدا گوتی، ''بە پەرۆشین بۆ ناسینی پینگ پینگ و فوو شوانگ. پێشوازی لە ئەندامان و میوانەکانمان و خەڵکی شار و کۆمەڵگاکەمان دەکەین بۆ بینینی پاندا زەبەلاحەکان.''
بەخشینی پاندای زەبەلاح لە ساڵی 1972ـەوە بووە بە هێمایەک بۆ پەیوەندی و هاوڕێیەتیی نێوان چین و ئەمەریکا، ئەمەش دوای ئەوەی لەو ساڵەدا سەرۆکی ئەمەریکا ڕیچارد نیکسن و سەرۆکی چین ماو سی تۆنگ بڕیاری دروستکردنەوەی پەیوەندیی دیپلۆماسییان لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دا.