Accessibility links

ئەمەریکا؛ پەناگەیەک بۆ ئایینەکان و ئازادی باوەڕ لە 250 ساڵەی ئەمەریکادا

یاسای مافە مەدەنییەکان5 شت-Civil Rights Act 5 Things
یاسای مافە مەدەنییەکان5 شت-Civil Rights Act 5 Things

دوو سەد و پەنجا ساڵ بەسەر دامەزراندنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تێپەڕیوە؛ وڵاتێک کە یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی، ئازادی ئایین و باوەڕە. ئەمەریکا بە درێژایی مێژووی خۆی بووەتە پەناگەیەک بۆ شوێنکەوتوانی ئایینە جیاوازەکان؛ ئەو کەسانەی کە لە خاکی خۆیاندا بەهۆی بیروباوەڕی ئایینی خۆیانەوە فشاریان لەسەر بووە و جیاکارییان بەرامبەر کراوە و بەدوای شوێنێکدا گڕاون کە بتوانن بە ئازادی و پاڕێزراوی شوێنی ئایین و بیروباوەڕیان بکەون.

دەکرێت بڵێین یەکێک لە تایبەتمەندییە مێژووییەکانی ئەمەریکا ئەوە بووە کە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا و بە شێوەیەکی بەرفراوان و بنەڕەتی ئەو بیرۆکەیەی چەسپاند کە ئایین نابێت ئامرازی دەسەڵاتی دەوڵەت بێت و دەوڵەت دەستوەردان نەکات لە دیاریکردنی بیروباوەڕی ئایینی هاووڵاتیان.

کۆچ لە پێناو ئازادی ئاییندا

شەپۆلی گەورەی کۆچی ئەورووپاییەکان بۆ ئەمەریکای باکوور لە سەدەی 17 دەستی پێکرد. لە نێو ئەو کۆچبەرانەدا گرووپە ئایینییە جۆراوجۆرەکان بوون کە لە ئەورووپا ڕووبەڕووی فشار و سنووردارکردن بوون.

لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپایی لەو سەردەمەدا، حکومەت و ئایین پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان هەبووە. لە هەندێک وڵاتدا حکومەت ئایینێکی فەرمی هەبوو، فەرمانڕەوای سیاسیش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەو دامەزراوە ئایینیەوە هەبوو. پەیڕەوانی ئەو ئایین و مەزهەبانەی کە لەگەڵ ئایینی فەرمیدا نەدەگونجان، کەمتر لە مافەکانیان بەهرەمەند دەبوون و جیاکارییان لەگەڵدا دەکرا یان تەنانەت ڕووبەڕووی سزای قورس دەبوونەوە.

بۆ زۆرێک لەو کەسانە کۆچکردن تەنیا دۆزینەوەی شوێنێکی نوێ نەبوو بۆ ژیان، بەڵکو هەوڵدان بوو بۆ دۆزینەوەی شوێنێک کە بتوانن بەپێی بیروباوەڕەکانیان بژین بەبێ ئەوەی لەلایەن حکومەتەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە ببنەوە.

لێرەوە یەکێک لە گرنگترین بیرۆکەکانی مێژووی ئەمەریکا دروست بوو کە ئەویش ئەوە بوو ئیمانی هەر کەسێک هی خۆی بێت نەک هی حکومەت بێت و بەسەریدا زاڵ بکرێت.

گۆڕانکارییەکی گەورە لە فەلسەفەی سیاسیدا

بۆ پاراستنی مافی تاک، باوکانی دامەزرێنەری ئەمەریکا بیرۆکەیەکیان خستە نێو پێکهاتەی حکومەتە نوێیەکەوە کە لە مێژووی سیاسی جیهاندا زۆر گرنگ بوو، ئەویش سنووردارکردنی دەسەڵاتی حکومەت بوو لە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ئایینەوە.

ئەم بیرۆکەیە بە ڕوونی لە هەموارکردنی یەکەمی دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هاتووە کە لە ساڵی 1791 پەسەندکرا و لە بەشی یەکەمی ئەم هەموارکردنەدا هاتووە "کۆنگرێس نابێت هیچ یاسایەک سەبارەت بە دامەزراندنی ئایینێک دەربکات یان چالاکی ئازادانەی ئایینێک قەدەغە بکات."

ئەم ڕستە کورتە دوو بنەمای بنەڕەتی بەرجەستە دەکات: حکومەت نابێت ئایینێک وەک ئایینی فەرمی دابمەزرێنێت، هەروەها نابێت دەستوەردان لە مومارەسە و ڕەچاوکردنی ئازادی ئایین لەلایەن خەڵکەوە بکات.

ئەم پرەنسیپە دەتوانرێت بە یەکێک لە گرنگترین وەرچەرخانەکانی مێژووی ئازادی ئایینی هەژمار بکرێت، چونکە پەیوەندی نێوان حکومەت و ئایینی لە مۆدێلی کۆنی "حکومەت خاوەنی ئایین"ەوە گۆڕی بۆ مۆدێلێکی جیاواز و ئەویش ئەوە بوو کە حکومەت بۆ هەمووانە، بەڵام سەر بە هیچ ئایینێکی دیاریکراو نییە.

بەدامەزراوەییکردنی ئایین واتای چییە؟

مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە گرنگی ئەم پرەنسیپە، پێویستە ئاوڕ ێک لە بارودۆخی سیاسی و ئایینی ئەورووپا بداتەوە لەو سەردەمەدا.

لە زۆرێک لە حکومەتەکانی ئەورووپادا حکومەتی سیاسی دەسەڵاتێکی زۆر بەرفراوانی هەبوو، ئایینی فەرمیش بەشێک بوو لە پێکهاتەی حکومەت. بە واتایەکی تر لە زۆر حاڵەتدا دەوڵەت و ئایین لە یەکتر جیا نەبوون. حاکم دەیتوانی پشتگیری لە دامەزراوەیەکی ئایینی یان ئایینێکی دیاریکراو بکات و ئەوانەی پابەند نەبوون بەو ئایینەوە، ڕووبەڕووی سنووردارکردن و پەراوێزخستن دەبوونەوە.

لەم جۆرە هەلومەرجەدا ئازادی ئایینی بۆ گروپە کەمینەکان زۆر قورس بوو.

ئەو پرەنسیپەی کە لە هەموارکردنی یەکەمی دەستووری ئەمەریکادا هاتووە، ڕێگایەکی دیکەی پێشنیار کرد و ئەویش ئەوە بوو کە حکومەت نابێت ئایینی فەرمی خۆی بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت.

لە ئەنجامدا تاک دەیتوانی پەیڕەوی لە هەر ئایین و بیروباوەڕێک بکات بەبێ ئەوەی حکومەت ئایینێکی بۆ دیاری بکات. دەیتوانی پەرستش بکات و ڕێوڕەسمە ئاینییەکانی ئەنجام بدات و پەیوەندی بە کۆمەڵگە ئاینییەکەیەوە بکات و شوێنی بیروباوەڕەکانی بکەوێت.

ئەم ئازادییە تەنیا لە شوێنکەوتوانی ئایینە گەورەکاندا سنووردار نەبوو؛ لە بنەڕەتدا هەموو ئایینەکانی لەخۆگرتبوو، تەنانەت ئەوانەی ئایینیان نەبوو.

جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت؛ نەک دوژمنایەتی لەگەڵ ئایین

ئەم چەمکە دواتر بە چەمکی عەلمانیەت و جیاکردنەوەی ئایین و حکومەت ناسرا.
بەڵام نابێ عەلمانیزمی ئەمەریکایی لەگەڵ دوژمنایەتی دین تێکەڵ بکرێت.

جیابوونەوەی ئایین و حکومەت بەو مانایە نییە کە حکومەت دژە ئایین بێت یان ئایین لە کۆمەڵگادا نەهێڵرێت. بەپێچەوانەوە مانای سەرەکی ئەوەیە کە حکومەت دەسەڵاتی بەسەر بیروباوەڕی خەڵکدا نەبێت.

حکومەت نابێت بە هاووڵاتیان بڵێت چ ئایینێکیان هەبێت؛ هەروەک چۆن نابێت پێیان بڵێت کە دەبێت ئایینێکیان هەبێت.

بەم شێوەیەش ژینگەیەک لە ئەمەریکا دروستبووە کە ئایین و ئایینە جیاوازەکان تێیدا پێکەوە دەژین و تاکەکان ئازادن لە هەڵبژاردنی بیروباوەڕ و ڕێگای ئایینی خۆیان.

ئەمەریکا؛ خاکێک بۆ هەمەجۆریی ئایینی

یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم سیستەمە لە فرەچەشنی ئایینی کۆمەڵگەی ئەمەریکاییدا دەبینرێت.

ئەمڕۆ ئەمەریکا شوێنی شوێنکەوتوانی هەموو ئایینە گەورەکانی جیهانە و زۆرێک لە ئایینە بچووکەکانیش کۆمەڵگە و ناوەندی ئایینی تایبەت بە خۆیان هەیە. لە زۆرێک لە شارەکانی ئەمەریکادا، ڕەنگە لە یەک شەقامدا چەندین کڵێسای سەر بە لقە جیاوازەکانی ئایینی مەسیحی ببینیت؛ لە شەقامێکی تردا لەوانەیە مزگەوتێک هەبێت و لە نزیکەوە کەنیسەیەک، پەرستگایەکی بودایی، ناوەندێکی بەهایی، یان شوێنی پەرستنی شوێنکەوتوانی ئایینەکانی تر هەبێت.

ئەم وێنەیە ڕەنگە بۆ زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی جیهان نائاسایی بێت، بەڵام لە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئەمەریکادا بووەتە بەشێکی سروشتی ژیانی کۆمەڵایەتی.

لە ئەنجامدا ئەمەریکا نەک هەر بووەتە پەناگەیەک بۆ گروپە ئایینییەکان، بەڵکو بووەتە خاکێک بۆ گەشەکردن و فراوانبوونی ئایینە جیاوازەکان.

کۆمەڵگایەک بە سەدان نەریت و گروپی ئایینی

بەپێی داتاکانی سەرژمێری ئایین لە ئەمەریکا لە ساڵی 2020، 372 گرووپ و نەریتی ئایینی جیاواز لە ئەمەریکا ئامادەن و ژمارەی ناوەندە ئایینیەکان لە سەرانسەری وڵاتدا دەگاتە سەدان هەزار ناوەند.

ئایینی مەسیحی وەک گەورەترین ئایین لە ئەمەریکادایە، بەڵام مەسیحیەت خۆی کۆمەڵگەیەکی زۆر هەمەچەشنە کە لە چەندین لق و کڵێسا پێکهاتووە.

جگە لەوەش، کۆمەڵگەی گەورەی جووەکان، موسڵمان، بودایی، هیندۆس، زەردەشتی، بەهایی و شوێنکەوتوانی ئایینەکانی دیکەش لە ئەمەریکا دەژین و ئەم هەمەچەشنییەش یەکێکە لە دەرکەوتە گرنگەکانی ئازادی ئایینی لە ئەمەریکادا.

ئازادی بۆ هەبوونی دین و ئازادی بۆ نەبوونی دین

یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم سیستەمە ئەوەیە کە ئازادی ئایینی تەنها مانای ئازادی پەیڕەوکردنی ئایینێک نییە.

ئەمەریکاییەکان ئازادن کە مەسیحی، جوو، موسڵمان، بودایی، زەردەشتی، بەهایی، یان هەر ئایینێکی تر بن. بەڵام لە هەمان کاتدا مرۆڤەکان ئازادیشن کە هیچ دینێکیان نەبێت.

ئەمەش گرنگە چونکە ئازادی ڕاستەقینە کاتێک بوونی هەیە کە هەڵبژاردنەکە بۆ خوودی کەسەکە جێبهێڵرێت.

ئەگەر حکومەت تاکێک ناچار بکات ئاینێکی هەبێت، ئەوا ئازادی ئایین بوونی نییە. ئەگەر حکومەت تاکێک ناچار بکات ئاینێکی نەبێت، ئازادی ئایینیش بوونی نییە.

بۆیە بنەمای بنەڕەتی ئەوەیە کە باوەڕی ئایینی دەبێت هەڵبژاردەی خودی مرۆڤ بێت.

یەکسانی لەبەردەم یاسادا

ئازادی ئایینی لە ئەمەریکا لە کۆتاییدا بەستراوەتەوە بە بنەمایەکی گەورەترەوە و ئەویش یەکسانی تاکەکانە لەبەردەم یاسادا.

مافی هاووڵاتیبوون و ژیان و ئازادی و بەختەوەری نابێت وابەستەی ئایینی مرۆڤەکان بێت.

نابێت تەنها لەسەر بنەمای بیروباوەڕی ئایینی کەس پەراوێز بخرێت و جیاکاری بەرامبەری بکرێت. حکومەت ناتوانێ بە هۆی ئایینەکەیەوە هاووڵاتییەک لە مافەکانی بێبەش بکات و لە کۆمەڵگایەکدا کە لەسەر بنەمای ئازادی دامەزرابێ، نابێ ئەوانی تر بتوانن ئایین بکەنە ئامرازێک بۆ زەوتکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئازادی ئایینی تەنیا مافێکی تاک نییە؛ هەروەها یەکێکە لە بناغەکانی یەکسانی کۆمەڵایەتی.

میراتی ئەمەریکا لە 250 ساڵەی دامەزراندنیدا

لەگەڵ تەمەنی 250 ساڵی ئەمەریکا، یەکێک لە گرنگترین میراتەکانی لەم بیرۆکەیەدا خۆی دەردەخات و ئەویش ئەوەیە حکومەت نابێت خاوەنی ئیمانی خەڵک بێت.

پێویستە مرۆڤەکان بتوانن خۆیان ئایینەکەیان هەڵبژێرن و ئیمانیان پەیرەو بکەن و لە کۆمەڵگەی ئایینی خۆیدا بژین و لە هەمان کاتدا لە مافی یەکسانی هاووڵاتیان بەهرەمەند بن.

ئەمەریکا ئەزموونێکی ناوازە و مێژوویی هەیە لەم ڕووەوە. وڵاتێک کە بە درێژایی مێژووی خۆی پێشوازی لە خەڵکی ئایین و کولتوورە جۆراوجۆرەکان کردووە و دەرفەتی ژیانی ئایینێکی ئازادی بۆ زۆرێکیان ڕەخساندووە.

گرنگی ئەم ئەزموونە تەنیا لە بوونی چەندین کڵێسا و مزگەوت و کەنیسە و پەرستگادا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە ئەوە چەسپاوە کە ئایین تایبەتە بە خوودی مرۆڤە و حکومەت نابێت خاوەنی ئایینی مرۆڤەکان بێت و بانگەشە بۆ ئایینێکی تایبەت بکات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG