سەرۆکی ئەمەریکا شەوی شەممە لە ئاهەنگی "سڵاو بۆ ئەمەریکا" لە واشنتنی پایتەخت وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا جەختی لە بەهێزی پێگەی ئەمەریکا لەسەر ئاستی جیهاندا کردەوە و ڕایگەیاند "هەرگیز ڕێگە نادەین وڵاتەکەمان بکەوێت."
سەرۆک ترامپ لەگەڵ خانمی یەکەم مەلانیا ترامپ نزیکەی کاتژمێر 10:15 خولەک لە کۆشکی سپییەوە گەیشتە پاڕکی نیشتیمانی بۆ پێشکەشکردنی وتارەکەی لە کاتژمێر 11ـی شەو.
دۆناڵد ترامپ ستایشی "بلیمەتی" باوکانی دامەزرێنەری ئەمەریکای کرد بە دامەزراندنی سیستەمی سیاسی ئەمەریکا لەسەر بنەمای ئازادی و پابەندبوون بە دەستوور.
ڕایگەیاند، "ئێمەی ئەمەریکاییەکان یەک گەلین، لە ژێر سایەی یەک ئاڵا و پارێزبەندی خودای تاک و تەنیا."
ترامپ وتی، "خەونی ئەمەریکا جارێکی تر گەڕاوەتەوە و ئەمڕۆ بەشێویەک سەرکەوتن تۆمار دەکەین کە هەرگیز پێشتر وێنەی نەبووە."
هەزاران کەس لە هاووڵاتییانی ئەمەریکا ئامادەیی وتارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بوون، ئەمە سەرەڕای ئامادەیی زۆربەی بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی."
دواکەوتنی وتارەکە بەهۆی کەشوهەواوە
پێشتر بڕیار بوو دۆناڵد ترامپ وتارەکەی کاتژمێر 9:30 خولەکی ئێوارە پێشکەش بکات، بەڵام دواتر بەهۆی مەترسی ڕوودانی زریانێکی بەهێزی با و باران بۆ کاتژمێر 11ـی شەو دوا کەوت.
ترامپ لە وتارەکەیدا ئاشکرای کرد کە تیمی ڕێکخەرانی بۆنەکە پێشنیاریان کردبوو بەهۆی کەشوهەواوە وتارەکەی بۆ هەفتەی داهاتوو دوا بخات، بەڵام ئەم پێشنیارەی ڕەتکردووەتەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا لەبەردەم ئاپۆڕای جەماوەر بە گاڵتەوە باسی دۆخی کەشوهەوای کرد و جەختی کردەوە لە بەردەوامی ئاهەنگەکان. ڕایگەیاند، "وتم بە هیچ شێوەیەک ئاهەنگەکان هەڵناوەشێنینەوە، تەنانەت ئەگەر پێویستیش بکات کاتژمێر چواری بەیانی لەبەردەم یەک کەس وتار پێشکەش بکەم."
واشنتنی پایتەخت لە ڕۆژی سەربەخۆییدا کەشوهەوایەکی ئێجگار گەرمی تێپەڕاند، بە شێوەیەک پلەی گەرما گەیشتە نزیکەی 39 پلەی سیلیزی و ئاستی شێ بۆ ڕێژەی 78٪ بەرز بووەوە. هەروەها دوای کاتژمێر 6ـی ئێوارە مەترسی زریانەکان بە شێوەیەک سەریان هەڵدا، کاربەدەستەکانی شارەکە فەرمانیان دا بە هاووڵاتیان بە چۆڵکردنی گۆڕەپانی نمایشەکان.
دوای تێپەڕبوونی مەترسی زریانەکان، ئاژانسی فیدڕاڵی خزمەتگوزاری نهێنی، بە فەرمانی سەرۆک ترامپ، کاتژمێر 9:45 خولەک دووبارە دەرگای پاڕکی نیشتیمانی بە ڕووی هاووڵاتیاندا کردەوە.
بەر لە دەستپێکی وتارەکەی سەرۆک ترامپ، دوو گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەمەریکا بە پێشکەشکردنی سرودی نیشتیمانی و کلاسیکی ئاهەنگی "سڵاو بۆ ئەمەریکا"ـیان دەست پێکرد.
گۆرانیبێژ لیی گرینوود سرودی "خودا ئەمەریکا بپارێزێت"ـی لەبەردەم هەزاران کەس پێشکەش کرد.
دواتر لیی گرینوود داوای لە سەرۆک ترامپ کرد بێتە سەر شانۆی بۆنەکان بۆ پێشکەشکردنی وتارەکەی.
"ئەمەریکا لە هەموو کات بەهێزترە"
ترامپ لە وتارەکەیدا بە هاووڵاتیانی ئەمەریکای گوت، "هیچ گەلێک وەک ئێوە، گەلی ئەمەریکا، چاکەی زیاتری نەکردووە، بوێری زیاتری نیشان نەداوە، پێشکەوتنی زیاتری بەدەست نەهێناوە، نادادپەروەری زیاتری ڕاست نەکردووەتەوە، وە مەزنی زیاتری بەدەست نەهێناوە."
ڕاشیگەیاند، "ماوەی 250 ساڵە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا مایەی هیوا و بەڵێن و ڕووناکی و شکۆمەندی بووە لەنێوان هەموو گەلانی جیهاندا. هەموو جیهان هەوڵ دەدات وەک ئێمە بێت، بەڵام کەس ناتوانێت وەک ئێمە بێت و بە یارمەتی خودا هەمیشە ئاوا دەمێنینەوە و باشتریش دەبین."
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی دا بە بەرزبوونەوەی بەهای بۆرسەکانی ئەمەریکا و ڕایگەیاند ئابووری وڵات لە سایەی بەڕێوبەرایەتییەکەیدا بەرەو "سەردەمی زێڕین" دەچێت و وڵات "قۆناغێکی تر دەچێتە پێشەوە."
ترامپ هەروەها ڕایگەیاند، "جیهان ئیمپراتۆریەتی گەورە، شانشینی فراوان، گەلی بەهێز و ستەمکاری ترسناکی بینیوە — هەموویان هاتن و ڕۆیشتن. بەڵام دوای دوو سەدە و نیو، ئەم کۆمارەی ئەمەریکا هێشتا بەرز و بەهێز وەستاوە. ئەم ئاڵایەی ئەمەریکا هەتا ئێستاش بە شانازی و ئازاد و جوانییەوە دەشەکێتەوە."
دۆناڵد ترامپ هێرشی کردە سەر بیروباوەڕی کۆمۆنستی و جەختی کردەوە لەوەی جێگەی ئەم ئادیۆلۆژیایە لە ئەمەریکا نابێتەوە.
ترامپ بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو داوای لە کۆنگرێس کرد پرۆژەیاسای "پاراستنی ئەمەریکا" پەسەند بکات و وتی "تەزویرمان نابێت لە هەڵبژاردنەکاندا."
سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتایی وتارەکەیدا ئاماژەی دا بە ئەنجامدانی گەورەترین نمایشی یاریی ئاگرین لە واشنتنی پایتەخت و هیوای خواست ئامادەبووان چێژی لێوەرگرن.
شایەنی باسە، نزیکەی 850 هەزار یاریی ئاگرین بۆ ماوەی 40 خولەک ئاسمانی شاری واشنتنیان لە درەنگانی شەوی شەممە و بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕووناک کردەوە. ئەمە گەورەترین نمایشی یاریی ئاگرینە لە مێژووی ئەمەریکادا.