Accessibility links

سەرۆکی سوپای پاکستان لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیسلام ئاباد بۆ نێوەندگیری نێوان ئەمەریکا و ئێران سەردانی تاران دەکات

سەرۆکی ئەرکانی سوپای پاکستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی مانگی پێنج لە چوارچێوەی هەوڵەکانی نێوەندگیری ئیسلام ئاباد بۆ وتووێژەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، گەشت بۆ تاران دەکات. ئەمە دووەم جارە ئەم بەرپرسەی پاکستان لە دوای شەڕی ئەم دواییەی ئێران، سەردانی تاران بکات.

شەش هەفتە دوای ئەوەی ئاگربەستەکە بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەدژی ڕێژیمی ئێران کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، هێشتا دانوستانەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەنجامیان نەبووە.

هەروەها موحسین نەقوی وەزیری ناوخۆی پاکستان کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا سەردانی ئێرانی کردبوو و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی کۆبووبووەوە، جارێکی دیکە گەشتی بۆ تاران کردووە.

ئەم سەردانانە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمەریکا چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ڕایگەیاند دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە "قۆناغی کۆتایی"دایە و زیادی کرد کە ئەگەر ئێران ڕێککەوتنەکە واژۆ نەکات، ئەمەریکا دەست بە هێرشە سەربازییەکان دەکاتەوە.

ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند دووەمین سەردانی وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ ئێران بۆ "ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی پەیامەکان" لە نێوان تاران و واشنتن بووە.

هەروەها سەبارەت بە سەردانەکەی ئەو بەرپرسە پاکستانییە وتی "زۆرجار لایەنە نێوەندگیرییەکان پێیان باشە خۆیان ئامادەبن لەگەڵ ئەو دەقانەی کە ئاڵوگۆڕ دەکرێن"، ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمە بە هەوڵەکانی پاکستان وەک نێوەندگیرییەک لە دانوستانەکاندا لەبەرچاو بگرن."

This item is part of
XS
SM
MD
LG