وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەخت لەسەر مافی تێپەڕبوونی کەشتیوانی بە پارێزراوی بەناو تەنگەی هورمزدا دەکاتەوە و دەڵێت هیچ وڵاتێک بە حکومەتی ئێرانیشەوە مافی ئەوەی نییە ڕێگری لە تێپەڕینی کەشتییەکان بکات یان ببێتە هۆی داخستنی تەنگەکە بەڕووی کەشتییە دەریاییەکاندا.
مەجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دەوحە وتی "بە پشت بەستن بە ڕێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان، تێپەڕینی کەشتییەکان بە پارێزراوی بە تەنگەی هورمزدا مافی حکومەتی قەتەرە.
ئەنساری ئاماژەی بەوەشکرد لە ئێستادا هیچ میکانیزمێک یان ڕێکخستنێکی تایبەت بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە وزەییەکان لەبەردەستدا نییە و داخستنی تەنگەی هورمز گرژیی و ئاڵۆزی زنجیرەکانی دابینکردنی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.
وتیشی "هێشتا ناتوانرێت پێشبینی دەرئەنجامی دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد بکرێت، بەڵام هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بەردەوامن."
ئەنساری جەختی لەوە کردەوە "ئێمە داوای ئازادی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز دەکەین و داخستنی ئێستای بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
لەکاتێکدا بەرپرسانی ئێران دانانی میکانیزمێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە ڕاگەیاندووە، ئەو بەرپرسە قەتەرییە ڕایگەیاندووە "هیچ گۆڕانکارییەک بۆ دۆخی ئێستا سەبارەت بە ئازادی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمزدا قبوڵکراو نییە."